Zana Natık Kerem
02 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 16 تشرینی دووەم 2021
ھەولێر ــ AA
سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر رایگەیاند کە پارێزگای دیالە بەرەوڕووی مەترسییەکی راستەقینە بووەتەوە گوتی: "پێویستە ھێزە ئەمنییەکان بە جیددی ھەوڵەکانیان لەپێناو لەناوبردنی مەترسییەکان لە پارێزگاکە بخەنەگەڕ".
موقتەدا سەدر تویتێکی لەبارەی پێشھاتەکانی پارێزگای دیالە بڵاوکردەوە و تیایدا نووسیوویەتی "پارێزگای دیالە بەرەوڕووی مەترسییەکی راستەقینە بووەتەوە، چونکە ژمارەیەک لایەن ھەوڵی ھەڵگیرسانی ئاگری دووبەرەکیی تایفیی دەدەن، نەفرەت لەو کەسانەیش کە دووبەرەکی بڵاو دەکەنەوە".
سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر راشیگەیاندووە "پێویستە ھێزە ئەمنییەکان بە جیددی ھەوڵەکانیان لە پێناو لەناوبردنی مەترسییەکان لە پارێزگای دیالە، بخەنەگەڕ".
ئێوارەی رۆژی سێشەممە ٢٦ی مانگی رابردوو، ژمارەیەک چەکداری رێکخراوی تیرۆریستیی داعش ھێرشیان کردە سەر گوندی رەشاد سەربە قەزای میقدادییە دووەم گەورە شاری سەربە پارێزگای دیالە و بەپێی داتاکانی سوپای عێراق، لەو ھێرشەدا ١١ کەس کوژران، بەڵام سەرچاوەیەکی پزیشکیی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، لەو ھێرشەدا ١٥ کەس کوژراون و ١٣ ی دیکە برینداربوون.
دوای ئەو ھێرشە، سەدان چەکداری شیعە لە گوندی رەشادەوە ھێرشیان کردە سەر خەڵکی گوندی "نەھر ئیمام" کە دانیشتوانەکەی سوننە مەزھەبن، ئەمەش وەک تۆڵەسەندنەوەیەک بووە لە بەرامبەر کوژرانی منداڵ و کەسوکاریان لەلایەن داعشەوە. بەھۆی ئەو ھێرشەوە ھەشت کەس لە دانیشتوانی گوندی نەھر ئیمام کوژران و ئاگر لە خانوو و کێڵگە کشتوکاڵییەکانیان بەردرا.
وێڕای ئەوەی عێراق لە ساڵی ٢٠١٧دا سەرکەوتنی بەسەر رێکخراوی تیرۆریستی داعش و کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی رووبەری ئەو خاکەی کە رێکخراوەکە لە ھاوینی ٢٠١٤دا دەستی بەسەردا گرت، راگەیاند، بەڵام تاوەکو ئێستا رێکخراوەکە لە رێگەی پاشماوە و شانە نووستووەکانی ناو بەناو کردەی تیرۆریستی ئەنجام دەدات بەتایبەت لە ناوچەی سەربە پارێزگاکانی کەرکووک، سەڵاحەددین و دیالە کە بە "سێگۆشەی مەرگ" ناودەبرێت.