Sarmand Hameed
04 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 05 ئادار 2021
ئیستانبوڵ - AA
میساقی نیشتمانیی عێراق داوای دەرکردنی سەرجەم رێکخراوە تیرۆریستییەکانی کرد کە وڵاتەکە وەک گۆڕەپان بۆ جێبەجێکردنی پەلامارە تیرۆریستییەکانیان بۆسەر وڵاتان بەکاردەهێنن، لەسەروویانەوە رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە.
میساقی نیشتمانیی عێراق راگەیانداوی کۆتایی گەڕەی دووەمی کۆنگرەی میساقی بڵاوکردەوە کە لەژێر ناونیشانی "میساقی نیشتمانیی عێراق و بەرپرسیاریەتییەکانی قۆناغەکە" کە لە شاری ئیستانبوڵ لە تورکیا بەڕێوەچوو.
لە راگەیاندراوەکەدا کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو تیایدا هاتووە: "میساقی نیشتمانی داوای دەرچوونی عێراق لە ململانێکی هەرێمیی و نێودەوڵەتیی دەکات و جەخت لە دەرچوونی سەرجەم رێکخراوە تیرۆریستییەکان دەکاتەوە کە عێراق وەک گۆڕەپان بۆ جێبەجێکردنی پەلامارە تیرۆریستییەکانیان بۆسەر وڵاتانی دراوسێ بەکاردەهێنن، لەسەروویانەوە رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە".
چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە لە قەزای شنگال سەربە پارێزگای نەینەوا و ناوچە سنوورییەکانی باکووری عێراق بڵاوبوونەتەوە و لەو ناوچانەوە پەلامار بۆ ناو خاکی تورکیا ئەنجام دەدەن.
میساقی نیشتمانیی عێراق داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی کردووە بەپێی یاسای نێودەوڵەتیی بەرپرسیاریەتیی بگرێتەئەستۆ بۆ دەرکردنی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییانە لە عێراق.
لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە کە ناحییەی جەرف سەخر کراوەتە بنکەیەکی سەربازیی بە سەرپەرشتی سوپای پاسداران و تیایدا مەشق بە حووسییەکان دەکرێت.
ناوچەی جەرف سەخر دەکەوێتە باکووری پارێزگای بابل لەسەر سنووری بەغدا و ماوەیەک کەوتە ژیر دەستی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش، دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەیشی گرووپە چەکدارییەکانی نزیک لە ئێران رێگە بە گەڕانەوەی ئاوارەکانی نیشتەجێی ناوچەکە نادەن کە ژمارەیان زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس دەبن.
تاوەکو ئێستا حکوومەتی عێراق هیچ راگەیاندراوێکی لەبارەی ناوەڕۆکی راگەیاندراوکەی میساقی نیشتمانیی عێراق بڵاونەکردووەتەوە.
لە ئاداری ٢٠١٩دا، ژمارەیەک هێز و جوڵانەوەی سیاسیی عێراق ئۆپۆزسیۆنی پرۆسەی سیاسیی ئێستای عێراق پەیماننامەیەکیان لەژێر ناوی "میساقی نیشتمانیی عێراقی: راگەیاند و رایگەیاند کە ئامانجیان لەو هەنگاوە پاراستنی ناسنامەی نیشتمانیی و جەختکردنەوەیە لەسەر یەکسانی لەنێوان هەموو پێکهاتەکان لە وڵاتدا.
میساقی نیشتمانیی عێراق ژمارەیەک هێز و جوڵانەوەی سیاسیی عێراق لەخۆ دەگرێت لەوانە بزووتنەوەی رەوتی نیشتمانیی نەتەوەیی عەرەبی، یەکێتیی گەل، دەستەی زانایانی ئایینی موسڵمانان لە عێراق، ئەنجوومەنی هۆزەکانی شۆڕشی عێراق، و ئەنجوومەنی هۆزەکانی عێراقی عەرەبی لە باشووری عێراق و نوێنەرانی دامەزراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و کەسانی نیشتمانیی و سەربەخۆ.