Zana Natık Kerem
18 تشرینی دووەم 2025•نوێکردنەوە: 19 تشرینی دووەم 2025
ھەولێر ــ AA
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی و سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەکە پێشھات و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی نێو پڕۆسەی سیاسیی عێراقیان تاوتوێ کرد.
بارەگای بارزانی لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە مەسعود بارزانی لە شاری دھۆک لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی کۆبووەتەوە.
ڕاشیگەیاندووە لە کۆبوونەوەکەدا، ھەردوولا پیرۆزباییان لەیەکتری کردووە بەبۆنەی سەرکەوتنی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە کەشێکی ئارام و بێ کێشە بەرێوەچوو و ھیوایان خواستووە کە ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن لە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی عێراق بیت.
باسی لەوەش کردووە کە لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، تیشک خراوەتە سەر یاسای ھەڵبژاردن لەپێناو دادپەروەریی زیاتر کە پێویستی بە گۆڕین ھەیە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە ھەر لە کۆبوونەوەکەدا، بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەکە پێشھات و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی نێو پڕۆسەی سیاسیی عێراق تاوتوێ کراون.