Heman Hussein Yaseen
18 تشرینی دووەم 2025•نوێکردنەوە: 19 تشرینی دووەم 2025
هەولێر - AA
لەمیانی بەڕێوەچوونی شەشەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست (مێپس ٢٠٢٥) لە زانکۆی ئەمریکی – دھۆک، سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی دیبەتێکی ئەنجامدا و تێیدا تیشکی خستەسەر قۆناغی داهاتووی عێڕاق دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران، هەروەها ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دا و بە پێویستی زانی کە دەستەواژەی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بەکارنەهێنن و گەشبینی خۆی نیشاندا بە چارەسەرکردنی گرفتەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.
لە دەستپێکی دیبەتەکەدا، سەرۆکوەزیرانی عێڕاق محەمەد شیاع سوودانی لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی عێڕاقەوە گوتی: "حزبەکەی ئێمە زۆربەی کورسییەکانی بردووەتەوە بەڵام دوێنێ هاوپەیمانییەکەمان بڕیاریدا کە هاوپەیمانيیەکی گەورە دروست بکەین و دواتر لەگەڵ لایەنەکان قسە بکەین لەسەر چۆنیيەتی پێکهێنانی حکوومەت و بزانین مافی دەستووریی هەریەک لە لایەنەکان چیيە و ئەمە ئەو دیموکراسییە کە باوەڕمان پێیەتی".
لەبارەی پرسیارێک لەوەی کە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی داوای هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی کردبوو، سەرۆکوەزیرانی عێڕاق گوتی: "دروست نیيە لە هەموو خوولێکدا یاسایەک هەبیت کە هێزە سیاسییەکان بەهۆی قورسایی خۆیانەوە هەمواری بکەنەوە، بەڵام لەگەڵ قسەکەی سەرۆک (بارزانی) کۆکم کە بەڵێ بەهۆی ئەم یاسایەوە بەهەدەردانی دەنگ هەبووە، ئێمە ملیۆنێک و ٣١٧ هەزار دەنگمان هێناوە و ئەمەش گونجاو نيیە لەگەڵ ژمارەی ئەو کورسیانەی بەدەستمان هێناوە".
لە وەڵامی پرسیارێکی دیکە سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، سوودانی گوتی: "ڕاستە کێشە هەیە بەڵام کێشەی سیاسیی نین و پەیوەستن بە یاسا و شیکردنەوەی یاسا، هەندێک کێشەی هونەری هەن، تیمەکان بەردەوامن و کار دەکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە و هەنگاوی گرنگمان ناوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی قووڵ کە کێشەی ئێمە نەبووە و پێشتر بە میرات ماوەتەوە، لە ڕاستیدا توانیوومانە یەکێک لە گرنگترین کێشەکان چارەسەر بکەین وەک کێشەی گرێبەستەکان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت".
هەر لە دیبەتەکەدا، پرسیارێک ئاراستەی سوودانی کرا بەوەی کە سەرۆکی پارتی تەقەدووم محەمەد حەلبووسی داوای پۆستی سەرکۆمار دەکات، ئایا ئەمە ڕەوایە؟ (بەپێی عورفێکی سیاسیی، پۆستی سەرکۆمار بۆ کورد، سەرۆکوەزیران بۆ شیعە و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ سوننەیە) لە وەڵامدا محەمەد شیاع سوودانی گوتی: "عورفی سیاسیی، هێزەکەی لە بەرژەوندییەکانی پڕۆسەی سیاسیی وەردەگرێت، ئێمەش ئاراستەکەمان بەرژەوەندی عێڕاقە و مەبەستمان بەرژەوەندی کەسێک یان پێکهاتەیەک نيیە، کاتێک کە عورفی سیاسیی یارمەتیدەر دەبێت بۆ گرەنتی بەرژەوەندییەکانی عێڕاق، ئەوکاتە نابینین هیچ هۆکارێک هەبێت بۆ گۆڕینی ئەم عورفە".
لەبارەی هەژموونی ئێران و فشارەکانی ئەمریکا لەسەر عێڕاق، محەمەد شیاع سوودانی گوتی: "ئەمە پرسیارێکی دووبارەیە، من لە دوو حکوومەتی عێڕاق وەزیربووم، ئێستاش سەرۆکوەزیرانم، هیچ فشارێکمان لەسەر نەبووە و نابێت، ئێمە نابینە گۆڕەپانی هەژموونی هیچ وڵاتێک، پەیوەندیی باشمان هەیە لەگەڵ هەموو وڵاتان، بۆیەش بابەتی فشار کە زۆرجار میدیاکان باسی دەکەن، لە حاڵەتی بوونی بڕیارێک بۆ بەرژەوەندی عێڕاقییەکان ئایا ئێمە وەڵامی ئەم فشارانە دەدەینەوە؟ بێگومان نەخێر".
سەرۆکوەزیرانی عێڕاق لەبارەی دۆخی ئابووری عێڕاق گوتی: "ئەم حکوومەتە چاکسازی کردووە بۆ داڕشتنەوەی کەرتی وزە، چاکسازی گرنگی دارایی و ژینگەیەکی وەبەرهێنەری باشمان هەیە و زیاتر لە ١٠٠ ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە عێراق کراوە، لە چوارچێوەی ئەم دۆخەی کە ناوچەکە پێیدا تێپەڕبووە و ژینگەکە لەبارە و ئەمڕۆش باس لە ڕێگای گەشەپێدان دەکەین و هەنگاوی باشمان لەمبارەیەوە ناوە، هەروەها زیاتر لە سەدا ٥٢ی کارگەکانمان بەرهەمەکانییان هەناردەی دەرەوە دەکەن، ئەمە یەکەمجارە کارێکی وا لە عێڕاق ڕووبدات، هاوکات ڕێژەی بێکاری لە سەدا ١٧ بۆ سەدا ١٤ دابەزیووە، ڕێژەی بێکاری لە سەدا ٢٥ بۆ سەدا ١٧ دابەزیووە، چاکسازی لە ئابووری و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، ئەرکی لە پێشینەی ئێمەیە لەسەر بنەمای خزمەتکردنی هاووڵاتییانی عێڕاق".