Ali Makram Ghareeb
04 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 04 شوبات 2022
کەرکووک - AA
دەیان خێزانی سریانی شاری کەرکووک کە بە "مەسیحییەکانی قەڵا" ناسراون، بە تورکمانی قسە دەکەن.
بەکارهێنانی زمانی تورکمانی لای مەسیحییەکانی کەرکووک تەنها لە چوارچێوەی گفتوگۆی رۆژانەدا نەماوەتەوە بەڵکو موناجات و نزای تایبەتیشیان بە زمانی تورکمانی هەیە.
یەکێک لە سریانییەکانی شاری کەرکووک بە ناوی بەهجەت باس لەوە دەکات کە مەسیحییەکانی کەرکووک دەیان ساڵە پارێزگارییان لە زمانی تورکمانی کردوە تا ئێستاش نازناوی هەندێک لە خێزانەکان تورکمانییە.
ئەو هاووڵاتییە ئەوەشی خستەڕوو کە لە سەردەمی عوسمانییەکاندا، مەسیحییەکان رۆڵێکی گرنگیان هەبووە لە بازرگانی شاری کەرکووکدا، ئاماژەی بەوەشدا کە لە سەردەمی عوسمانییەکاندا هەموو هاووڵاتییانی کەرکووک لە ئاشتی و ئاسایشدا پێکەوە ژیاون.
بەهجەت، باسی لەوەش کرد کە تا ئێستا پارێزگارییان لە ئینجیلێک کردوە کە بە زمانی تورکی عوسمانی نوسراوەتەوە و لە ساڵی ١٨٨٢ دا لە شاری ئیستانبوڵ چاپکراوە.
یەکێک لە موناجاتخوێنەکانی ناو کڵێسا سریانییەکان بەناوی شاد نەعوم، ئەوەی خستەڕوو کە تا ئێستاش لە کڵێساکاندا بە زمانی تورکمانی موناجات و نزا دەخوێنن و هەندێک لە بۆنە ئایینییەکانی ناو ماڵەکانیش هەر بە زمانی تورکمانی ئەنجامدەدرێن.