ozhin jola
14 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 15 نیسان 2021
کەرکووک - AA - ئۆژین جۆڵا
بارەگای مەنزومەی شیمالی حزبی بەعس، ئەو بارەگایەی كه شوێنی بڕیاردانی دژی گەلی کوردبوو. بارەگایەک کە دوای ١٨ ساڵ لە رووخانی رژێمی بەعس، وێرانەیەکی بەجێماوە و بووتە شوێنی نیشتەجێبوونی چەند خێزانێکی لێقەوماوی کورد لە کەرکووک.
بینای مەنزومەی شیمالی حزبی بەعس بارەگایەکی مەترسیدار و پڕ تراجیدی بۆ تاکی کورد بوو، ھەموو کوردێک یادگارییەکی تاڵی لەگەڵ ئەم بارەگا پڕ تراجیدیایەدا ھەیە.
رۆژی ٢٣ی شوباتی ١٩٨٨ بەبڕیاری حزبی بەعس، ئەمینداری گشتیی حزبەکە، عەلی حەسەن مەجید کرا بە بەرپرسی مەنزومەی شیمال و سەرپەرشتیاری پارێزگاکانی باکووری عێراق.
سێ بارەگا شوێنی پلاندانانی پرۆسەی ئەنفال بوون لە کەرکووک کە ئەوانیش؛ بینای مەنزومەی شیمالی لەنێو فەیلەق و بینای سەرەکی رێکخستنەکانی حزبی بەعس کە ئێستا بارەگای مەڵبەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە لە شەقامی پارێزگای کەرکووک و ماڵی عەلی حەسەن مەجید لە گەڕەکی رێگای بەغدا.
بینای مەنزومەی شیمالی حزبی بەعس دەکەوێتە نێو فەیلەقی سەربازی و لەنێوان فڕۆکەخانەی سەربازیی کەرکووک و کۆمپانیای نەوتی باکوور، بەڵام لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراق و لەناوچوونی دەسەڵاتی بەعس، فەیلەق لە شوێنێکی سەربازییەوە بوو بەشوێنی نیشتەجێبوونی ھاووڵاتییان.
بارەگای مەنزومەی شیمالی حزبی بەعس دەزگایەکی حزبی بەعسی بوو کە لەم دەزگایەوە بڕیارە گەورەکانی جینۆسایدی کورد دەدرا و شوێنی کۆبوونەوە و بڕیارە گرنگەکانی بەعس بوون لە باکووری عێراق و سەرپەرشتی شارەکانی کەرکووک و ھەولێر و دھۆک و سلێمانی دەکرا و ھەموو ھێزە ئەمنییەکانی عێراق کە ئەوانیش ئەمن و سوپا و ھەواڵگری و پۆلیس و کادرە حزبیەکانی حزبی بەعس بەشداربوون لە راوەدونانی کورد.
ھەر لەنێو فڕۆکەخانەی سەربازیی کەرکووکەوە، فڕۆکەکان ھەڵدەفڕین بۆ تۆپبارانکردنی گوندەکان لە شارەکانی کوردستان و، بۆ گواستنەوەی سەربازە گەورەکانی حزبی بەعس و سەرپەریشتیکردنی پرۆسەی ئەنفال بەکار دەھێنران.
- "دەبێت ئەم بینایە وەک خۆی بمێنێت و کەس خۆزگە بەدەسەڵاتی بەعس نەخوازێت"
لە ناو بینای مەنزومەی شیمالی حزبی بەعس ئەو بارەگا مەترسیدارەی بۆ کوردەکان پڕە لە بیرەوەری تاڵ، سەباح ساڵح ھاووڵاتییەکی کوردی کەرکووک باسی لە یادگارییە تاڵەکانیان کرد. ئەو بۆ ئاژانسی ئانادۆڵوی گێڕایەوە، "لە سەردەمی بەعس بەرپرسانی حزبی بەعس و موستەشارەکان بڕیارەکانیان لە سەدام حوسێن وەردەگرت و لێرەوە بڕیارەکانیان جێبەجێ دەکرد بۆ ئهوهی میللەتی کورد لەناو بەرن و ئەوەیشی بھێنرایەتە ئەم بینایەوە ئیتر دەرچوون و ئازادبوونی ئەستەم دهبوو، لێرە خەڵکیان ئەشکەنجە دەدا و بەھەزار شێواز و بەدڕندانەترین شێواز مامەڵەیان لەگەڵ کورد دەکرد و ھیچ کەس نەیدەتوانی بەپێش ئەم بارەگایەوە تێپەڕێت، ھێندە بینایەکی مەترسیداربوو کەسمان نەماندەویست بەپێشیدا تێپەڕین".
سەباح گوتیشی: "کوشتنی کورد لەم بینایە ئاسانترین رێگابوو بۆ بەعس و لەم بینایەدا ژێرزەمینێکی گەورە بوونی ھەیە کە تا ئێستا کەس نەیدۆزیوەتەوە، بەڵام لاشەی چەندین ھاووڵاتی کوردی لەناوە و بەشاراوەیی ماوەتەوە جگە لەوەیش لەم بارەگایەی مەنزومەی شیمالی بەعسەوە بڕیاری تەرحیلکردنی ھاووڵاتی کورد دەدرا بۆ شارەکانی ھەرێمی کوردستان و خۆم یەکێکم لەو کەسانەی بەھۆی کوردبوونمەوە بۆ شاری سلێمانی تەرحیلکرام".
سەباح ئاماژە بۆ ئەوەدەکات کە دەبێت ئەم بینایە وەک خۆی بمێنێت و پارێزگاری لێ بکرێت، بۆ ئەوەی کەس ستەم و کردەوەکانی بەعسی لەیاد نەچێت و ھیچ کەس خۆزگە بەدەسەڵاتی بەعس نەخوازێت.
لە پرۆسەی ئەنفالدا لە سنووری پارێزگای کەرکووک، ٧١٢ گوند خاپوورکران و دانیشتووانی ئەو گوندانەیش بردرانە سێ ناوچەی دیاریکراو لە کەرکووک ئەوانیش؛ ناوچەی تەلبەندکراوی ناحیەی لەیلان و ھۆڵە گەورەکانی گوندی تۆپزاوە و فەیلەقی کەرکووک بوون کە خەڵکی گوندە خاپوورکراوەکان لەوێوە کۆدەکرانەوە و بۆ بیابانەکانی باشووری عێراق و لەوێ زیندەبەچاڵ دەکران و ھەندێک لە ھاووڵاتییە کوردەکانیش ھەر لەو سێ ناوچەیە زیندەبەچاڵ کراون و دانیشتووانی ئەو گوندانەیشی ئەنفالکران لەھەر ماڵێکی ناوشار ببینرایەن ئەوا خاوەنی ماڵەکانیش کە میوانداریان کردوون زیندانی دەکران.
شاڵاوی ئەنفال لە نیوەی دووەمی هەشتاکانی سەدەی رابردوو لەلایەن رژێمی پێشووی عێراق بە هەشت قۆناغ دژبە گەلی کورد جێبەجێکرا کە تیایدا رژێمی پێشوو چەندین ھێرشی ئەنجامدا و جگە لە زیندە بەچاڵکردنی پیاوان و منداڵان و ژنان، لە هەندێک ناوچە چەکی کیمیاییشی دژبە گەلی کورد لە عێراق بەکارھێنا. دوای رووخانی رژێمی پێشوو، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوکاری لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی دەستیکرد بە بەدواداگەڕانی رووفاتەکان و تا ئێستا چەندین گۆڕی بە کۆمەڵی هەڵداوەتەوە و رووفاتەکانی گواستووەتەوە زێدی خۆیان.