Rewa Mahmood Hasan
14 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 14 نیسان 2021
گەرمیان-AA
لە گوندی دێبنە سەربە شارەدێی باوەنوور لە کەلار، یادی ٣٣ ساڵەی کارەساتی ئەنفال کرایەوە.
ئەمڕۆ ١٤ی نیسان، ٣٣ ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر پرۆسەی ئەنفالدا کە بەپێی ئەو زانیارییانەی حکوومەتی هەرێم باسی لێوە دەکات، نزیکەی ١٨٠ هەزار کەس تێیدا بێسەروشوێن بوون.
بەمەبەستی یادکردنەوەی ئەو پرۆسەیە کە لەلایەن رژێمی بەعسی رووخاوەوە و بە چەند قۆناغێک، چەند گوند و شارۆچکەیەکی هەرێمی کوردستانی کردبوویە ئامانج، ئەمڕۆ لە گوندی دێبنەی سەربە شارەدێی باوەنوور لە قەزای کەلار، یادی ٣٣ ساڵەی ئەنفال کرایەوە.
لە مەراسیمەکەدا، جگە لە چەند بەرپرسێکی حکوومی و حزبی کەسوکاری ئەنفالکراوانیش بەشداربوون و تێیدا تاجەگوڵینە لەسەر سیمبولی ئەنفال دانرا.
لە میانی بەرێوەچوونی پرۆسەکەدا گرژی روویدا و چەند کەسوکارێکی ئەنفالکراو رێگریان دەکرد لە هەندێک لە بەرپرسان سەردانی سیمبولی ئەنفال بکەن.
لەمیعە رەئوف یەکێک لەو کەسانەی بەر شاڵاوی بەدناوی ئەنفال کەوتووە و ئەو کاتە تەمەنی تەنیا دوو ساڵان بووە بۆیە کارەساتەکەی بەتەواوی بیر نایەت.
لەمیعە رەئوف لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باس لەوە دەکات کە ٣٣ کەس لە بنەماڵەکەیان لەو کارەساتەدا بێسەروشوێن بوون و گوتی: ''نەنک ئەوەندە چاوەڕێی منداڵەکانی کرد بێنەوە کە لە پرۆسەکەدا بێسەروشوێن بوون، بەداخی ئەوانەوە سەری نایەوە".
لەمیعە بەم چەشنە باس لە رووداوەکە دەکات ئەوەندی بیری ماوە، ''هەموومانیان گرت و بەسواری زیل بردیانین، لەبەر قیژە قیژ ئاگامان لەهیچ نەبوو، دواتر لە گۆڕەپانێکدا کۆیان کردینەوە. باوکیان جیا کردینەوە، دواتر نەمان بینیەوە.''
هێرۆ رەئوف یەکێکی تر لە کەسوکاری ئەنفالکراوەکان و داوا دەکات دادگا ئەو تۆمەتبارانەی دەستیان هەبووە لە پرۆسەی ئەنفالدا سەرجەمیان دادگایی بکرێن و سزای خۆیان وەرگرن و دەڵێت ''لە کەسوکاری باوکمدا، بەس منیان تیا ماومەتەوە هەموویان برد و بێسەروشوێن بوو. بۆیە داوا دەکەین کە ئەو تۆمەتبارانەی دەستیان هەبوو لە شاڵاوی ئەنفالدا سەرجەمیان دادگایی بکرێن و بە سزای خۆیان بگەیەندرێن.''