Hawkar Yaseen
28 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 29 تەمووز 2020
هەولێر - AA
رۆژانی جەژی قوربان لە پارێزگای هەولێر قەدەغەکردنی هاتوچۆ راناگەیەندرێت و هاتوچۆکردن لەناو شار ئاسایی دەبێت.
جێگری پارێزگاری هەولێر، هێمن قادر لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند "تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکمان نییە لە رۆژانی جەژن قەدەغەکردنی هاتوچۆ رابگەیەنین، تەنها ئەو شوێنە گشتییانە نەبێت کە دەبنە هۆکاری قەرەباڵغی و کۆبوونەوە و بەریەککەوتنی هاووڵاتییان بە داخراوی دەمێننەوە و ئەوانی دیکە ئاسایی دەبێت وەک رۆژانی پێش جەژن".
هێمن قادر گوتی: "بڕیارەکە وایە لەناو شار هیچ قەدەغەکردنێکی هاتوچۆ نابێت تاوەکو رەوشە تەندروستییەکە ئەگەر بە ئاراستەیەکی دیکە نەڕوات، ئەو کاتەیش بڕیاردەدەین چۆن دەبێت".
جێگری پارێزگاری هەولێر، هێمن قادر دەربارەی نوێژی جەژن رایگەیاند "بەپێی بڕیاری وەزارەتی ئەوقاف بڕیاردراوە نوێژی جەژن نەکرێت بۆیە لە هەولێریش نوێژی جەژن قەدەغە دەبێت و چونە سەرقەبرانیش رێپێدراو نییە".
هێمن قادر گوتیشی: "قوربانیکردن لە قەسابخانەی گشتیی هەولێر دەبێت، وەک جەژنەکانی رابردوو لە رۆژانی جەژندا قەسابخانە کراوە دەبێت و هاووڵاتییان دەتوانن لەوێ قوربانییەکانیان سەربڕن".
جێگری پارێزگاری هەولێر دەربارەی هاتنی گەشتیارانیش بۆ ناو شاری هەولێر گوتی: "بەپێی بەیانی ژمارە 44ی وەزارەتی ناوخۆ قەدەغەکردنی هاتوچۆ لەنێوان شارەکان بەردەوام دەبێت، کەواتە هیچ گەشتیارێک بۆی نییە داخڵی ناو شاری هەولێر و شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانیش بێت، جگە لەو حاڵەتانەی کە زۆر پێویستن یان ئەو کەسانەی نیشتەجێی ناو شاری هەولێرن یان ئیقامەی شاری هەولێریان هەیە ئەویش لەڕێگای ژوورەکانی ئۆپەراسیۆن تەنسیقیان بۆ دەکرێت بۆئەوەی داخڵی ناو شاری هەولێربن".