دوبەی ـ بیشکێک ـ پەکین ـ ئاستانا ـ تاشقەند
لە شاری دوبەی ئیماراتی عەرەبی موسڵمانان نوێژی جەژنی قوربانیان بەجێگەیاند و لە شوێنی تایبەت قوربانیەکانی خۆیان سەربڕی و بازاڕەکان وەک فیستیڤاڵ خەملێنران.
یەکێک لە بەڕێوەبەرانی بازاڕی گەورەی دوبەی بۆ AA باسی چالاکیەکانی رۆژی جەژن کرد و گوتی: "چالاکیەکانی جەژنی قوربان ماوەی سێ رۆژ لە بازاڕەکەمان بەردەوام دەبێت کەلە نمایشی یاری ئاگرین و رووناکی و ئاو پێکدێ"
لە قیرغیزستانیش بەپێی کلتوری ئەو وڵاتە؛ بە ھەزاران کەس لە کۆڕەپانی بەردەم ئەنجومەنی وەزیرانی ئەو وڵاتە نوێژی جەژنیان بەجێگەیاند.
لە کوەیت نوێژی جەژن لەژێر رێکاری توندی ئەمنی بەڕێوەچوو و حکومەت ٧١ شوێنی بۆ سەربڕینی قوربانیەکان ئامادەکردبوو.
لە وڵاتی چین کە ٥٦ رەچەڵەکی تێدایە و ١٠ لەو رەچەڵەکانە موسڵمانن و ژمارەیان دەگاتە ٢٠ ملیۆن کەس، ئەمڕۆ بۆ نوێژی جەژنی قوربان روویان لە مزگەوتەکان کرد.
لە کازاخستان لە گەورەترین مزگەوتی ئاسیای ناوەڕاست بەناوی حەزرەت سوڵتان لە شاری ئاستانای پایتەخت، بەھەزاران لە ھاوڵاتیانی موسڵمان بەشداری نوێژی جەژنی قوربانیان کرد.
لە ئۆزبەگستانیش ژمارەیەکی زۆری موسڵمانان چوونە مزگەوت و نوێژی جەژنی قوربانیان بەجێگەیاند بە شێوەیەک لە ھەندێ مزگەوت خەڵک لەدەرەوەی مزگەوت نوێژیان کرد.