Rewa Mahmood Hasan
06 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 10 تەمووز 2022
سلێمانی - AA رەوا مەحمود حەسەن
ماوەی چەند ساڵێکە کچێکی میدیاکار بە هاوکاری هاوەڵانی گرووپێکی گەشتیاریی و شاخەوانییان دروست کردووە و تێیدا خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان کە بێبەش بوون لە سوودبینین لە جوانی سروشت، تێیدا و لەڕێی ئەو گەشتانەوە ئاشتیان دەکاتەوە لەگەڵ سروشتدا و سەرەڕای مەترسیی کارەکە، بەڵام ئەو هەر بەردەوامە لە تێکەڵکردن و ئاشتکردنەوەی خاوەنپێداویستییە تایبەتەکان بە سروشت.
ميدياکار و رێکخەری گرووپی گەشتیاریی بۆ کەمئەندامان، شارا مستەفا ماوەی چەند ساڵێکە لەگەڵ هاوەڵانیدا سەرقاڵی رێکخستنی چەندین گەشتی شاخەوانین بۆ خاوەنپێداویستییە تایبەتەکان و هەرجارە و بە بەشداری شاخەوان و رێبەرانی شارەزا لەو بوارەدا گەشتەکانیان ئەنجام دەدەن. باس لە ئامانجی دامەزراندنی رێکخراوەکەیان دەکات کە سەرەتا وەک گرووپ ئەنجامیان داوە و دەڵێت ''وەک رێکخراوی ئاشای مرۆيی ئەمڕۆ يەکێکی تر لە گەشتەکانمان ئەنجام دا ئەم گەشتە بۆ سەرجەم خاوەن پێداویستییە تايبەتەکانە، ئەوانەی کە توانای رۆشتنيان هەيە، ئەم گەشتانە چوونە ناو سروشتە زياتر بۆ پتەوکردنی پەيوەندييە لەنێوان چین و توێژی خاوەن پێداویستییەکانی ناو کۆمەڵگا، هەر لەم گەشتە گشتيانەدا ئێمە بۆيان رێکدەخەین تا بتوانن توانا و بەهرەيان بدۆزنەوە، زۆرجار ئەندامی تازە دێتە ناو گرووپەکەوە کەسی تازە دەناسين بۆ کۆمەڵێک لايەن سوودی هەيە، ئێمە تواناکانيان دەدۆزينەوە لەڕێی ئەم گەشتانەوە، دەبێتە هۆی زیاتر دروستکردنی پەیوەندی پتەوی نێوان خاوەنپێداویستی تایبەت و کۆمەڵگا، بۆ نموونە (نابینایە -نابیستە-کورتەباڵایە و کەمئەندامی جەستەیە) ئەمانە بەیەکەوە دەبنە هاوڕێی یەکتر ئەوکاتە رەنگە لە زۆر لایەنی دیکەوە سوودمەند بن، بۆیە ئەمە یەکێکە لە کۆی ئەو چالاکییانەی کە لە ریزبەندی یەکەمدایە لەلامان، هاوکات لەو گەشتانەماندا ئامانجمان دۆزینەوەی توانا و بەهرەکانیانە، هاوکات لە رێگەی چوونە ناو سروشت، بۆ لایەنی دەرونییان سوودی زۆرە لە هەموو لایەنەکانەوە رووبەڕووی دەبنەوە".
شارا مستەفا ئاماژە بەوە دەکات کە رێکخستنی کارێکی لەو چەشنە بەرپرسیارێتییەکی قورسە، بەڵام بەهۆی سەرسەختیی خۆیەوە و خۆشەویشتی بۆ خاوەنپێداویستییە تایبەتەکان بەردەوامە لە کارەکەی و گوتی: ''بڕوابکە هەر لە دەستپێکردنی گەشتەکەوە لە ئامادەکردنی کەسەکانەوە لە دۆزینەوەی سپۆنسەرەوە لە هێنانی ئەو شوێنە لە دەستپێکی گەشتەکەوە تا دەگەڕێینەوە، هەمووی بەرپرسیارێتیەکی قورسە بە تایبەت ئەم گەشتانەی کە هەموو چین و توێژەکانی نێو خاوەنپێداویستی تایبەت لەخۆدەگرێت، هەریەکە و بەشێوازێکن هەریەکە ئیشی خۆیان و ئەرک و قورسیان هەیە لەسەر شانمان، بەڵام ئێمە بەڵێنمانداوە کە کاری مرۆیی بکەین و بەکارەکانیشمان دەمانەوێت بیسەلمێنین بۆ مرۆڤایەتی کە خاوەن پێداویستییەتایبەتەکانیش هەرچەندە بەجەستە بەشێکی جەستەیان لەدەستداوە، بەڵام بەتوانا و ئیرادە، هیچیان کەمتر نییە لەوانەی بەجەستە ساغ و سەلامەتن.
لەئێستادا ئێمە سەرقاڵی دامەزراندنی ڕێکخراوێکی مرۆیین بە ناوی رێکخراوی ( ئاشا) هەرچەندە ئێمە پێشتر وەک گرووپێکی بەرفراوان کارمان دەکرد و چەندین چالاکی جۆراوجۆرمان هەیە ئەگەر ئێمە کە ئەوکاتەی گرووپێک بووین تەنها وەک گرووپ کارمان کردووە و کردوومانە بەڕێکخراو بەرنامە و بیرۆکە و پلانی زۆر جیاواز و باشتر و بەر فراوانترمان هەیە لەگەڵ ئەو گەشتانە و ئەم گەشتانە هێنانەوەیە بۆناو سروشت نییە وەک و پێشتریش باسمان کرد ئەمە دیاریکردنی تواناکانیانە دەرخستنی بەهرەکانیانە، ئێمە کۆمەڵێک بیرۆکە و بەرنامەی تریشمان هەیە لە داهاتوودا کاری زیاتر ئەنجام دەدەین و هەنگاوی بۆ دەنێن گەشتەکانی ئێمە کۆمەڵێک چالاکییە لە چەندین جۆری گەشتدا یەک دەگرێتەوە لەوانە، گەشتی هاتنە ناو سروشت وەک ئەم گەشتەی ئەمڕۆ کە سەردانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و ئەوانەی توانای رۆشتنیان هەیە لەم گەشتانە بەشداری دەکەن بۆ پتەوکردنی پەیوەندی و دروستکردنی هاوڕێیەتیە ئێمە تواناکانیان لەڕێی ئەم گەشتانە دەدۆزینەوە ئەمە یەکێک لە جۆری گەشتەکانمان، گەشتی سەرکێشی، گەشتی شاخەوانیی و گەشتی چوونە ناو سروشت هەریەک لەم گەشتانە تایبەتمەندی خۆی هەیە و کارکردن لەسەری تایبەتە بەجۆری گەشتەکە".
سەرۆکی رێکخراوی رۆشنای دڵ تایبەت بە نابینایان، عوسمان خەلیفە یەکێکە لە بەشداربووانی شاخەوانییەکە.
ئەو بە دڵێکی خۆشەوە باس لەو گەشتانە دەکات کە بۆیان ئەنجام دەدرێت بۆسەر شاخەکان و گەڕانەوە بۆ ناو سروشت و دەڵێت ''ئەمڕۆ لە دوو ژینگەی جیاواز ژینگەیەک لەناو شار پڕ لە جەنجاڵی و زۆر جار پڕ لە گۆشەگیری و بێتاقەتی دەرونێکی پڕ لە فشاردابووین، بەڵام هاتین لێرە لە ژینگەیەکی جیاواز لە ژینگەی تێکەڵبوون بە سروشت بۆئەو ژینگەیەی دەنگی باڵندە، کانیاو و سروشت و رێڕۆشتنێکی زۆر کەم دەکەین، ناوبەناو ئەم گەشتانە رێدەکەوێت بۆ خاوەنپێداویستییە تایبەتیەکان بەتایبەتی نابینایان، کەمجار هەڵدەکەوێت نابینایان بە ماوەیەکی زۆر وێستگەیەکی زۆر ببڕن کە لە رووی تەندروستییەوە ئەمە وەرزشێکی باشە بۆ ئێمە کە ئەوجۆرە هەلانە کەمجار بۆ ئێمە دەڕەخسێت سوپاسی هەمو ئەوشاخەوانانە دەکەین کە هاوکار بوون لە گەڵمان".
ئەو نابینایە کە هاوکات شاخەوانێکی شارەزای لێ دەرچووە، دەڵێت "هەرچەندە ئەو شاخەوانییەی ئەمڕۆ لەگەڵ ئەو رێڕۆیشتنەی ئەمڕۆ زۆری خایاند و زۆر ماندوو بووین هاوڕێیان کە گرنگە ئێمە هەموو دڵخۆشبین تێیدا و هەست بە دەروونێکی پڕلە ئاسودەیی بکەین ئەمڕۆ لەناو سروشتدا بووین، ئەمڕۆ رۆژێکی جیاواز بوو لەناو سروشتدا بوون کە پڕە لەسەرقاڵی و ژینگەیەکە زۆرجار ئێمە تێیدا بێتاقەت دەبین کە لەڕووی دەرونییەوە نابەختەوەر دەبین، زۆرجار لەچوارچێوەی دیدارەکان گۆشەگیر دەبین، ئەمڕۆ ئازادانە رۆشتنێکی یەک لە دوای یەک ئەنجام درا بەشێوازێک ئەو هاوڕێیانە هاوکار بوون لەگەڵماندا و تێیدا تێکەڵ بەسروشت بووین لەناخەوە ئەو ئاسودەییە هەست پێ دەکات، هەر کەسێک کە بەشداربێت".
هیوا عزیز حوسێن ناسراو بە هیوا ٤٤ ساڵ و ماوەی شەش ساڵە وەرزشی شاخەوانی دەکات و یەکێکە لەو شاخەوانانەی بەردەوام هاوکاری رێکخراوەکە دەکات بۆ ئەنجامدانی گەشتی شاخەوانی بۆ نابینایان لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەرامبەر بەو گەشتەی ئەنجامی داوە و بەم شێوەیە باسی لە ئاستەنگییەکانی بەردەم وەرزشی شاخەوانی خاوەنپێداویستییە تایبەتەکان دەکات ''ئەگەر بەخەمڵاندن بیخەمڵێنین ڕێبەریکردنی گەشتیێکی کەمئەندامان یەک بەدەی گەشتی کەسانی ساخە، چونکە گەشتی کەمئەندامان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان جۆرێک لە ئامادەکاری تەواوی دەوێت لە شوێنگەلە رۆشتنەکە لە رۆشتن بەیەک ریزدا نابینا تۆ دەبێت هەنگاو بەهەنگاوی هەموویان لەگەڵیان بیت ئەوەی کە ئاستەنگە دێتە پێش ئێمە زۆر جار کەمی شاخەوانەکان کە لەگەڵماندا بن زۆر جار ئاستەنگمان بۆ دروست دەبێت بەمەش خۆشبەختانە شاخەوانەکان لە شارەکانی تری هەرێمی کوردستان هاوکارمان دەبن لە بەجێگەیاندنی گەشتەکانمان ئێستاش گەشتەکانمان روو لەوشوێنانە دەکەین کە پلەی گەرما تیایدا نزمە لەچاو شارەکاندا. بۆ ئەنجامدانی گەشتەکانمان، تا ئێستا لەسەر ئاستی شەخسی و هەندێک کۆمپانیا بەڕێوە دەبرێت، ئێمە دوولایەنە ئەگەین بەو شتەی دەمانەوێت یەکەم تەوەرەیە کە دەرونی خۆمان ئاسودە دەبێت بۆ هاوکاریکردنی کەسێک، چونکە ئەگەر بێتە سەر حازری کەسێکی ساغیش ئەگەر نە چوبێتە سەر هەڵگورد پێویستی بە کەسێکی ترە بیباتە سەر هەڵگورد".