Sarmand Hameed
25 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 25 تەمووز 2021
هەولێر - AA
بەهۆی ئەنجامدانی تاقیکردنەوە گشتییەکانی قۆناغی ١٢ی ئامادەیی و بۆ رێگەگرتن لە گزییکردن، ئەمرۆ یەکشەممە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر ئینتەرنێت لە هەرێمی کوردستان رادەگیرێت.
ئەمرۆ یەکشەممە رێکەوتی ٢٥ی تەمووزی ٢٠٢١، تاقیکردنەوە گشتییەکانی قۆناغی ١٢ی ئامادەیی بەهەموو بەشەکانییەوە بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٠-٢٠٢١ لە هەرێمی کوردستان دەست پێدەکات.
وەزارەتی پەروەدەی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە کە تاقیکردنەوەکان لە کاتژمێر ٧:٣٠ بەیانی دەست پێدەکات و بۆ رێگەگرتن لە گزییکردن، لە رۆژانی تاقیکردنەوەکاندا بۆ ماوەی چوار کاتژمێر، واتا لە کاتژمێر ٦:٣٠ تاوەکو کاتژمێر ١٠:٣٠ بەیانی هێڵەکانی ئینتەرنێت لە هەرێمی کوردستان رادەگیرێت.
هاوکات وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەپێناو یارمەتیدانی وەزارەتی پەروەردە بۆ سەرکەوتووانە بەڕێوەبردنی تاقیکردنەوە گشتییەکانی قۆناغی ١٢ ئامادەیی، کارەبای پێویست بۆ ھۆڵەکانی تاقیکردنەوە دابین دەکات بە جۆرێک لە کاتژمێر ٨:٠٠ بەیانی تا ١١:٣٠ کارەبا لە هۆڵەکانی تاقیکردنەوەکان ناکوژێتەوە.