Heman Hussein Yaseen
15 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 16 شوبات 2022
هەولێر - AA
بەڕێوەبەری نووسینگەی ھەولێری رێکخراوی منداڵپارێزیی کوردستان، نایف محەمەد سلێمان رایگەیاند کە لە ساڵی رابردوودا، ٣١٧ منداڵی تووشبوو بە شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، ئەویش دەخاتەڕوو کە هەندێکجار بەهۆی نەبوونی دەرمانەوە، خێزانەکان بە ناچاری پەنا بۆ دەرەوەی نەخۆشخانەکان دەبەن.
بە مەبەستی پشتگیریکردنی منداڵانی تووشبوو بە نەخۆشی شێرپەنجە و بەرزکردنەوەی ئاستی ھۆشیاری کۆمەڵگا، رێکخراوی منداڵپارێزیی کوردستان لەیادی رۆژی جیھانیی شێرپەنجەی منداڵی، چەند چالاکییەکی جۆراوجۆری لە نەخۆشخانەی نانەکەلی لە ھەولێر ئەنجام دا.
رێوڕەسمەکە بە کردنەوەی پێشانگایەکی کاری دەستی کە لەلایەن منداڵانی تووشبوو بە نەخۆشی شێرپەنجە دروستکرابوون، دەستی پێ کرد، لە پاڵ منداڵە تووشبووەکان، هەروەها دایک و باوک و کەسوکاریان بەشداربوون.
بەڕێوەبەری نووسینگەی ھەولێری رێکخراوی منداڵپارێزیی کوردستان، نایف محەمەد سلێمان بۆ ئاژانسی ئانادۆلو گوتی: "لەسەرەتاوە ھەستمان بە بۆشاییەک کردووە لە نەخۆشخانەکان لەبواری پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری دەروونیی کۆمەڵایەتیی، چونکە ئەم نەخۆشییە پێویستی بە پاڵپشتییەکی زۆر ھەیە، هەر بۆیەش لە ساڵی ٢٠١٣ەوە توانیوومانە ھاوکاری تەندروستیی و دەروونیی پێشکەش بە منداڵە نەخۆشەکان بکەین".
لەبارەی کێشە، کەموکوڕیی و پێداویستییەکانی منداڵانی تووشبوو بە شێرپەنجە، نایف محەمەد سلێمان گوتی: "هەندێکجار هەست دەکەین نەبوونی دەرمان لە نەخۆشخانەکان دەبێتە هۆی ئەوەی خێزانەکان پەنا بۆ دەرەوەی نەخۆشخانەکان ببەن و بیکڕن، بەگشتی کێشەکان زیاتر دەرمان و چارەسەرکردن و پێداویستی تەندروستییە لە رووی داراییەوە، چونکە بۆ ئەم سێکتەرە کولفەیەکی زۆر لەسەر حکوومەت و خێزانەکان دەکەوێت، بۆیە پێویستی بە پاڵپشتی هەمەلایەنەی کۆمەڵگا هەیە تا بتوانین هاوکاری نەخۆشەکان بکەین".
سەبارەت بە ئامارەکانی منداڵانی تووشبوو لە هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەری نووسینگەی ھەولێری رێکخراوی منداڵپارێزیی کوردستان، نایف محەمەد سلێمان گوتی: "لە ساڵی ٢٠٢١ دا، ٣١٧ منداڵی تووشبووی نوێ تۆمارکراون کە لەو ژمارەیەش ٨٠ لە هەولێر، ٧٩ لە دهۆک و ١٥٨ منداڵیش لە شاری سلێمانی تۆمارکراون".
لە رێوڕەسمەکەدا، جگە لە پێشانگای کاری دەستی، چەند گۆرانییەک نمایشکران کە تووشبووانیش وەکو کۆرس گۆرانییەکەیان دەگوتەوە و گۆرانییەکەش گوزارشت بوو لە ژیریی، خۆراگڕیی، بەرەنگاربوونەوە و هەوڵدان بۆ ژیان.
رۆژی جیھانیی شێرپەنجەی منداڵان ھەموو ساڵێک لە ١٥ی شوباتدا یاد دەکرێتەوە و مەبەست لێی پشتگیریی منداڵانی تووشبووی ئەو نەخۆشییە و ھۆشیارکردنەوەی ھاووڵاتییانە.