Sarmand Hameed
27 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 27 نیسان 2021
هەولێر - AA
وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف گەیشتە ھەولێر و لەلایەن جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی پێشوازیی لێکرا.
محەمەد جەواد زەریف کە دوای سەردانەکەی بۆ بەغدا هاتە هەولێر، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەلایەن هەریەک لە جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی و وەزیری ناوخۆ، رێبەر ئەحمەد و سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، فەوزی هەریری و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێم، سەفین دزەیی و کونسوڵی گشتیی ئێران لە هەولێر، نەسڕوڵڵا رەشنودی پێشوازیی لێکرا.
بەپێی زانیارییەکان، محەمەد جەواد زەریف لە سەردانەکەیدا بۆ هەرێمی کوردستان، لەگەڵ هەریەک لە سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی کۆدەبێتەوە.
چاوەڕوان دەکرێت دوا پەرەسەندنەکانی سیاسی لە عێراق، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، هاوکات پەرەپێدان بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران بە تایبەت لە رووی ئابوورییەوە، تەوەری سەرەکی گفتوگۆی نێوان سەرۆکی دەزگای دیپلۆماسی ئێران لەگەڵ گەورە بەرپرسانی هەرێم بێت.
ئەگەرچی تا ئێستا بە فەرمی ئەجێندای دیدارەکانی زەریف بۆ میدیاکان و رای گشتی رانەگەیەندراوە، بەڵام دەگوترێت وەزیری دەرەوەی ئێران بەرلە جێهێشتنی هەولێر، ئەمشەو لەگەڵ چەند پارت و لایەنێکی سیاسی هەرێمیش کۆدەبێتەوە.
دوێنێ دووشەممە وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا پایتەختی عێراق و لەگەڵ هەریەک لە هاوتا عێراقییەکەی، فوئاد حوسێن و سەرکۆمار، بەرھەم ئەحمەد ساڵح و سەرۆکوەزیران مستەفا کازمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، محەمەد حەلبوسی کۆبووەوە.
زەریف هەروەها شەوی رابردووش لە کۆبوونەوەیەکدا بەشێکی زۆر لە کەسایەتییە شیعەکانی عێراق وەک نوری مالکی، عەممار حەکیم، فالح فەیاز و هادی عامری کۆکردەوە و تاوتوێی پەیوەندییەکان و رەوشی ناوچەکەیان کرد.