,Sarmand Hameed
22 مای,س 2020•نوێکردنەوە: 22 مای,س 2020
بەغدا - AA
شانەی قەیرانەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەت بە بەدواداچوونی دۆسیەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، هۆشداریی دا لە داڕمانی سیستەمی تەندروستیی وڵات لە میانی ١٠ رۆژی داهاتوودا بەهۆی زیادبوونی ژمارەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19).
بڕیاردەری شانەی قەیرانەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران، جەواد موسەوی لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە سیستەمی تەندروستیی لە عێراق لە میانی ١٠ رۆژی داهاتوودا داڕمان بەخۆییەوە دەبینێت ئەگەر لایەنە پەیوەندارەکان رێککاری توند بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا نەگرنەبەر.
موسەوی راشیگەیاندووە "لەدوای گەڕانێکی مەیدانی لە بەغدای پایتەخت، بۆمان دەرکەوتووە کە کەرەنتینکردنی ناوچەیی هیچ ئەنجامێکی بەدەست نەهێناوە".
بڕیاردەری شانەی قەیرانەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران داوای لە هاووڵاتییانی وڵات کردووە پابەندی رێنماییەکانی خۆپارێزی بن دوای ئەوەی ژمارەی تووشبووان رووی لە زیادبوون کردووە؛ ئەگەر ئەمە نەکەن رووبەڕووی مەترسییەکی گەورە دەبینەوە کە دەبێتە هۆی داڕمانی سیستەمی تەندروستیی بەتەواوەتی و رەوشەکە لەژێر کۆنتڕۆڵ دەردەچێت بەتایبەت لە بەغدا.
رۆژی سێشەممە، حکوومەتی عێراق وەک رێکارێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ ماوەی هەفتەیەک قەدەغەی هاتوچۆی سەرتاسەری لە وڵات راگەیاند کە رۆژانی جەژنیش دەگرێتەوە.
هاوکات حکوومەت شەش ناوچەی سەرەکی لە بەغدا کەرەنتین کرد دوای ئەوەی ژمارەی حاڵەتی نوێی تووشبوون بە کۆرۆنا تیایاندا تۆمارکرا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی تەندروستیی عێراق تۆمارکردنی ١١٣ حاڵەتی دیکەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19)ی راگەیاند، هەروەها سێ حاڵەتی گیانلەدەستدانیش تۆمارکراوە، بەمەش کۆی گشتی ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسەکە گەیشتە سێ هەزار و ٧٢٤ حاڵەت و ١٣٤ حاڵەتی گیانلەدەستدان، هەروەها دوو هەزار و ٤٣٨ نەخۆش دوای چارەسەری پزیشکیی چاکبوونەتەوە.
حکوومەتی عێراق ئاماژە بەوە دەکات کە پابەندنەبوونی هاووڵاتییان بە رێککار و رێنماییەکانی تەندروستیی وایکردووە ژمارەی حاڵەتەکانی تووشبوون بۆ ١٠٠ حاڵەت بەرزبووەتەوە لە کاتێکدا لە میانی سێ هەفتەی دواییدا ژمارەی تووشبووان رۆژانە ٥٠ حاڵەت بوو.