Rewa Mahmood Hasan
21 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 26 کانوونی یەکەم 2019
سلێمانی - AA
ئەندامی کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەروین بابەکر دەڵێت، کۆنگرەی یەکێتیی نوێبوونەوەی حیزبەکەیە و لە ئێستادا رێژەی بەشداری ژنان بە باش دەزانین.

پەروین بابەکر لەم بارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "رۆڵی ژنان رۆڵێکی زۆر باشە. هەر چەندە لە ئاستی تموحی ئێمەدا نییە. هیوادارین زۆر باشتر بێت"
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەختیشی لەوە کردەوە کە "کۆنگرە، کۆنگرەی نوێبوونەوەیە. کۆنگرەیەکی کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تیایدا زۆر بەرەو پێشتر دەچێت".
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی رێژەی بەشداریکردنی ژنان، پەروین بابەکر رایگەیاند: "رێژەکە لەسەدا ٢٥ە و ئەوە رێژەیەکی باشە".
پەروین بابەکر گوتیشی: "لە ئێستادا لەوانەیە لەوە زیاتر نەتوانرێت بکرێت، بەڵام هەوڵ دەدرێت لەوە زیاتر بێت".