Zana Natık Kerem
16 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 18 ئادار 2021
ھەولێر ــ AA
ئەمڕۆ سێشەممە ھەر یەک لە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی و جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، حەسەن کەعبی و سەرکردەی ھاوپەیمانیی عێراقییون، عەممار حەکیم بە جیا پەیامی خۆیان لە سیی و سێیەمین ساڵیادی کیمیابارانکردنی شاری ھەڵەبجەدا، بڵاوکردەوە.
ــ پەیامەکەی مستەفا کازمی
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاند، کاتێک چەکی کۆکوژ دەکەوێتە دەست ستەمکاران، ئەوا کارەساتی ھاوشێوەی کیمیابارانکردنی شاری ھەڵەبجەی لێدەکەوێتەوە.
لە پەیامەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی-دا ھاتووە "ئەمڕۆ یادی کارەساتێکی بەئازار لە مێژوویی خەباتی گەلەکەمان دژبە ستەمکاریی و دیکتاتۆریەت دەکەینەوە کە ئەوەیش سیی و سێیەمین ساڵیادی تاوانی بۆردومانکردنی ھەڵەبجەی شەھیدە لە کوردستانی عێراق بە چەکی کیمیایی کە بەھۆیەوە ھەزاران مەدەنی بوونە قوربانی".
سەرۆکوەزیرانی عێراق راشیگەیاندووە "تاڵی کارەساتی کیمیابارانکردنی شاری ھەڵەبجە کە تا ئەمڕۆ بەردەوامە، ھۆشداریی ئەوەمان پێ دەدات، کاتێک چەکی خۆکوژ دەکەوێتە دەست ستەمکاران، ئەوا کارەسات روودەدات، چونکە دەسەڵاتدارانی ستەمکار لە پێناو مانەوەی خۆیان، تاوان لەژێر ناوی رەق و رەگەزپەرستیی، ئەنجام دەدەن".
مستەفا کازمی ھەروەھا رایگەیاندووە "ھەڵەبجە بەڵگەنەمایەکی گرنگ و قوربانییەکی گەورە و بەنرخە کە گەلی کورد داویەتی، ھەروەک چۆن گەلی عێراق بە گشتیی قوربانیی داوە بۆ کۆنترۆڵکردن و رزگارکردن لە دەسەڵاتی ستەمکاری، گەندەڵیی و جەنگی خوێناوی".
راشیگەیاندووە "ھەڵەبجە برینێکی قوڵە و ستەممان بیردەخاتەوە کاتێک وەک ئامرازێک دەکەوێتە دەست دەسەڵاتدار و ئەمڕۆ ئیلھام لە قوربانیدان و ناڵەی شەھیدەکان وەردەگرن بۆ بنیاتنانی عێراقێکی دیکە، عێراقێکی ئازاد و دیموکراسی کە ھاووڵاتییان لە ھەر جێگایەکی ئەم خاکە پیرۆزە بن شانازی پێوە بکەن".
لە کۆتایی پەیامەکە مستەفا کازمی-دا ھاتووە "سەربەرزی و نەمریی بۆ شەھیدانی ھەڵەبجە و ھەموو شەھیدانی عێراق کە لە پێناو بنیاتنانی عێراقێکی ئازاد و دیموکراتی خۆیان کردە قوربانی".
ــ پەیامەکەی حەسەن کەعبی
جێگیری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، حەسەن کەعبی رایگەیاند کە تاوانی کیمیابارانکردنی ھەڵەبجە، پێشێلکردنی بەھا مرۆییەکانە و ئاماژە بەوەیش دەکات کە ئەو تاوانە، بەشێکی سەرەکیی بوو لە سیاسەتی رژێمی دیکتاتۆری پێشوو لە کوشتن، وێرانکردن و کۆمەڵکوژیی کە بەرامبەربە عێراقییەکان ئەنجامدراوە.
حەسەن کەعبی راشیگەیاندووە"لە کاتێکدا سیی سێیەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژییەکەی ھەڵەبجە دەکەینەوە، دووپاتی دەکەینەوە کە ئەستەمە جارێکی دیکە بەعس بتوانێت بگەڕێتەوە و دیکتاتۆریەت پەیڕەو بکات".
جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، حەسەن کەعبی ئەوەی وەبیرھێناتەوە، "شاری ھەڵەبجە ٣٣ ساڵ لەمەوبەر لەلایەن رژێمی ستەمکار و گۆڕبەگۆڕ بە چەکی ژەھراویی و کیمیاویی بۆردومانکرا کە بەھۆیەوە بە ھەزاران ھاووڵاتیی شەھیدبوون کە ژمارەیەکیان منداڵبوون".
ھەروەھا ھاتووە:
" تاوانی کیمیابارانکردنی ھەڵەبحە، بەشێکی سەرەکیی بوو لە سیاسەتی رژێمی دیکتاتۆری پێشوو لە کوشتن، وێرانکردن و کۆمەڵکوژیی کە بەرامبەربە عێراقییەکان ئەنجامدراوە".
حەسەن کەعبی راشیگەیاندووە "گۆڕە بەکۆمەڵەکانی بەعسی تاوانبار و ھەموو کردە وەحشییگەرییەکانی دیکە کە بەرامبەر بە ھەموو رۆڵەکانی گەل بەبێ جیاوازیی ئایین و نەتەوەکانیان ئەنجامی داون، ویژدانی ھەموو مرۆڤایەتیی و جیھانی ھەژاندووە" و گوتی:
"تاوانەکانی بەعسی گۆڕبەگۆڕ لەنێویاندا، کیمیابارانکردنی ھەڵەبجە لە بیری نەوەکانی داھاتوودا دەمێنێتەوە".
جەختیشی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە "کیمیابارانکردنی ھەڵەبجە، بەڵگەیەکی سەلمێنەری زیندووی دیکەیە لەو تاوانە وەحشیگەرانەی کە لەلایەن بەعسی رووخاوەوە ئەنجامدراوە".
حەسەن کەعبی باسی لەوەشکردووە کە ئەنجوومەنی نوێنەران بەردەوام پاڵپشتی لە ھەموو ئەو یاسانە دەکات کە دەبنە مایەی بەدیھێنانی داپەروەریی کۆمەڵایەتیی و پێکەوەژیانی ھاوبەش لەنێوان رۆڵەکانی، ھەروەھا داواشی کرد کە کەسوکاری قوربانییانی دەستی رژێمی رووخاو و قوربانییانی تیرۆر قەرەبوو بکرێنەوە.
ــ پەیامەکەی عەممار حەکیم
سەرکردەی ھاوپەیمانیی عێراقییون، عەممار حەکیم لە سیی و سێیەمین ساڵیادی کارەساتی کیمیابارانکردنی شاری ھەڵەبجەدا رایگەیاندووە"کارەساتی کیمیابارانکردنی شاری ھەڵەبجە، وامان لێ دەکات کە زیاتر پابەندبین بە ئەزموونی دیموکراتی".
لە پەیامەکەی عەممار حەکیم –دا ھەروەھا ھاتووە:
"ھێشتا ئەو کارەساتە ویژدانمان ئازار دەدات و ناخمان دەھەژێنێت، ھەر ئەو کارەساتە وامان لێ دەکات زیاتر پابەندبین بە ئەزموونی دیموکراتی، چونکە ئەوە تاکە رێگایە بۆ ئەوەی گەڕانەوەی سیاسەتی کۆمەڵکوژیی، سەرکوتکاری، پەراوێزخستن و جیاکاریی نێوان پێکھاتەکان رەت بکەینەوە".
سەرکردەی ھاوپەیمانیی عێراقییون، عەممار حەکیم راشیگەیاندووە کە نەمریی بۆ قوربانییانی شاری ھەڵەبجەی شەھید، ئەنفال و گۆڕە بەکۆمەڵەکان و قوربانییانی تیرۆر ھەموو ئەو کەسانەی کە لە پێناو خاکی نیشتماندا بوونەتە قوربانی.
لە کۆتاییەکانی شەڕی ھەشت ساڵەی عێراق-ئێران (١٩٨٠-١٩٨٨) و ٣٣ ساڵ بەرلەئێستا، رژێمی بەعس لە عێراق بە چەکی کیمیایی ھێرشیکردە سەر شاری ھەڵەبجە کە ھاوسنوورە لەگەڵ ئێراندا.
بەپێی سەرژمێری و ئامارێکی نافەرمی رێکخراوەکانی ھەڵەبجە لە ئاکامی ھێرشەکەدا، پێنج ھەزار و ٤٦٠ قوربانی تۆمارکراوە، ئاماری بریندارەکانیش کە لە ١٤ کەمپی چارەسەری ئێرانییەکان وەرگیراوە ١٢ ھەزار و ٨٠٠ کەس دوای کارەساتەکە لە ئێران چارەسەرکراون کە بەشێکیان گیانیان لەدەستداوە و ھەر لە ئێران بەخاکسپێردراون.