Hawkar Yaseen M Amin Mohammed Amin,Rewa Mahmood Hasan
16 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 22 ئادار 2021
هەڵەبجە AA
خەلیل ساڵح دوای ٣١ ساڵ لە ونبوونی ناسنامە و خێزانەکەی، دوو ساڵ بەرلە ئێستا گەڕایەوە ئەو شارەی کە تیایدا لەدایک بوو، خەلیل تەمەنی نۆ مانگ بوو کاتێک لە خێزانەکەی دابڕا و دوای ٣١ ساڵیش جارێکی دیکە بۆنی دایکی کردەوە، بەڵام هێشتا هەر لە دایکی دوورە و نەیتوانیوە سەرەتاییترین مافەکانی لە خاک و وڵاتی خۆیدا بەدەستبهێنێت و بە هەمیشەیی تیایدا نیشتەجێ بێت.
خەلیل ساڵح هێشتا هەر لە ئێران دەژی و لە سیی و سێیەمین ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا، گەڕایەوە زێدی لەدایکبوونی بۆ بەشداریکردن لە ماتەمی قوربانییانی کارەساتەکەدا.
خەلیل ساڵح بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ھەم خۆشحاڵ و ھەم ناڕەحەتم کە جارێکی دیکە گەڕاومەتەوە خاکی خۆم، خۆشحاڵم توانیوومە رۆژێکی وا ببینم، بەڵام زۆر ناڕەحەتم کە ماوەی دوو ساڵە ناوم وەکو کەسێکی ونبووی ھەڵەبجە دەستنیشانکراوە، بەڵام بەداخەوە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھیچ بایەخێکی پێ نەداوم، پشکنینی دی ئێن ئەی راگەیەندراوە و پارساڵ یەک ھەفتە مابوو کە بگاتە یادی ١٦ی ئادار ئەنجامی پشکنینەکە راگەیەندرا، بەڵام ئێستا ناسنامە و رەگەزنامەکەمیان گرتووە، دی ئێن ئەی-یەکەم سێجار وەریانگرتووە و ھەر سێ جارەکەش ھیچ کێشەیەکی نەبووە".
خەلیل ساڵح دەربارەی ئەوەی چ داواکارییەکی هەیە لە هەرێمی کوردستان گوتی: "داواکارییەکانم ئاشکرایە ،گەڕاوەکان پێویستییان بەوەیە کە شوێنی نیشتەجێبوون و مووچەیەکی ھەبێت و پارەیەکی بۆ دابین بکرێت بۆ ئەوەی بتوانی ژیان بەڕێبکات، منیش هەر ئەوەندەم پێویستە".
خەلیل ساڵح دوای دوو ساڵ لە دۆزینەوەی خێزانەکەی، بەڵام هێشتا نیشتەجێی ئێرانە و نەیتوانیوە بگەڕێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان.
خەلیل ساڵح دەربارەی ئەوەی چۆن هاتووەتە هەڵەبجە بۆ بەشداریکردن لە یادی ئەو کیمیابارانەی ئەو کەسوکارەکەی تێدا لەدەستدا گوتی: "زۆر بە سەختی و بەشێوەی نایاسایی ھاتوومەتە ھەرێمی کوردستان، بە قاچاخ، لەکاتێکدا دەبوو دەروازە سنوورییەکان بۆ کەسانی وەکو ئێمە کراوەبن، بێ ئەوەی لێپرسینەوەمان لەگەڵدا بکەن، بەڵام بەداخەوە بەم شێوەیە نییە و یاساییەکی وا بوونی نییە، چونکە پەیوەستە بە ھەردوو وڵاتەکە و بە ھەموو جیھانەوە، ئەمەش لە ئاکامی شەڕەوە ھاتووەتە ئاراوە، ماڵ و منداڵەکەشم لەودیوون لە ئێران".
خەلیل ساڵح دەربارەی ئەوەی لە ماوەی ئەم دوو ساڵەی کە خێزانەکەی و دایکی دۆزیوەتەوە چۆن هاتوچۆی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران دەکات و ریگاکە سەختی بۆ ئەو چییە گوتی: "ماوەی دوو ساڵە خانەوادەکەم دۆزیووەتەوە زیاتر لە ١٠ جار هاتوومەتە هەڵەبجە، بەڵام باسەکە لەوەنییە کە چەندجار ھاتووم، بنەماڵەکەم دۆزیووەتەوە و دەمەوێت لێرە بمێنمەوە و لە وڵاتی خۆم بژیم و خزمەت بکەم، هەر جارێک ئەگەر بە پاسپۆڕتی ئێرانی بێم ئەوا کێشەم بۆ دروست دەبێت لەبەر ئەوەی ئێران گرفت دەخاتە بەردەمم و پێم ئەڵێ بۆ ئەوەندە ھاتوچۆ دەکەی لەلایەکی دیکەش ھەرجارێک دەڕۆی و دێی خەرجییەکی زۆری دەوێت و ئەگەر بە پاسپۆڕتی عێراقیش بڕۆیت ئەوا لە عێراق کێشەی ئەمنیی بۆ دروست دەبێت، بۆیە ئەمە گرفتە و خواستی من ئەوەیە بە یەکجاری بێم لێرە نیشتەجێبم".
خەلیل ساڵح گوتیشی: "دایکم زیندووە و براکانیشم زیندوون، بەڵام باوکم شەھید بووە، ھیچ یاسایەک بۆ ئەو کەسانەی لە ئاکامی جەنگ ون دەبن بوونی نییە، یاسایەکی ١٢ ماددەی ھەیە لە پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەو کەسانەی کە دەگەڕێنەوە، بەڵام ئەوە فەرامۆشکراوە و ھیچ رێوشوێنێکی بۆ نەگیراوەتەبەر، بۆیە هەتاوەکو ئێستاش سەرباری ئەوەی خانەوادەکەم دۆزیوەتەوە، بەڵام هێشتا کێشەکانم چارەسەر نەبووە".