Sarmand Hameed
23 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 23 نیسان 2021
هەولێر - AA
کۆنسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە ھەولێر بەبۆنەی ١٢٣یەمین ساڵیادی دەرچوواندنی یەکەمین رۆژنامەی کوردی کە ھاوکاتە لەگەڵ رۆژی رۆژنامەگەریی کوردی و ساڵیادی دامەزراندنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، پەیامێکی بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەدا ھاتووە "رێز و سڵاومان ھەیە بۆ میدیای کوردی لە رۆژی رۆژنامەگەریی کوردیدا".
لە پەیامەکەدا، گوتەیەکی سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن ھاتووە کە دەڵێت، "ھەموو ھاوسۆزین لەگەڵ ئەم رۆژنامەوانانەدا چونکە وەکو تۆماس جێفەرسۆن لە ساڵی ١٧٨٦ نوسیویەتی، ئازادیمان پشت دەبەستێت بە ئازادیی راگەیاندن و ھەر سنوردارکردنێکی ئەمەش دەبێتە ھۆی لەدەستدانی ئەو ئازادییە".
کۆنسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە ھەولێر راشیگەیاندووە "پابەندبوونی خۆمان دووپات دەکەینەوە بۆ برەودان و پاراستنی پرنسیپە بنەڕەتییەکانی ئازادی راگەیاندن و دەستڕاگەیشتن بە زانیاریی و بابەتیبوون و بێلایەنی ناوەندە میدیاییەکان لە ھەرێمی کوردستاندا".