Zana Natık Kerem
16 تشرینی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 17 تشرینی دووەم 2023
ھەولێر – AA
چوارچێوەی ھەماھەنگی ڕایگەیاند کە پابەندن بە بڕیارەکانی دەسەڵاتی دادوەریی و دادگای باڵای فیدراڵیی، ھەروەھا داوای لە ھاوبەشە سیاسییەکانی کرد، لێکتێگەیشتنی زیاتر بکەن، بە جۆرێک ببێتە مایەی پتەوترکردنی سەقامگیری و گەشەپێدانی زیاتر لە عێراق.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی چوارچێوەی ھەماھەنگی لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە لایەنەکانی سەربە چوارچێوەی ھەماھەنگی بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشھاتەکانی وڵات کۆبوونەتەوە.
ڕاشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، لایەنەکانی سەربە چوارچێوەی ھەماھەنگی پابەندبوونی خۆیان بە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە ناوەڕاستی مانگی داھاتوو، دووپات کردووەتەوە.
باسی لەوەیش کردووە کە لایەنەکانی سەربە چوارچێوەی ھەماھەنگی لە کۆبوونەوەکەدا ڕایانگەیاندووە کە پابەندن بە بڕیارەکانی دەسەڵاتی دادوەریی و دادگای باڵای فیدراڵیی و داواشیان لەسەرجەم لایەنەکان کردووە کە پابەندبن بە یاسا و بڕیارەکانی دەسەڵاتی دادوەریی.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە لە کۆبوونەوەکەدا، داوای لە ھاوبەشە سیاسییەکان کراوە، لێکتێگەیشتنی زیاتر بکەن، بە جۆرێک ببێتە مایەی پتەوترکردنی سەقامگیری و گەشەپێدانی زیاتر لە عێراق.
ئەمەیش دوای ئەوە دێت ڕۆژی ١٤ی ئەم مانگە، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، ئەندامێتی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، محەمەد حەلبووسی لە ئەنجوومەنەکە ھەڵوەشاندەوە.
وەک کاردانەوەیەک دژ بەو بڕیارەی دادگای باڵای فیدراڵی نوێنەرانی پارتی تەقەدووم کە محەمەد حەلبوسی سەرکردایەتی دەکات لە حکوومەتی عێراق کە بریتیین لە جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانان، محەمەد عەلی تەمیم و وەزیری پیشەسازی و کانزاکان، خالید بەتال نەجم و وەزیری رۆشنبیری، ئەحمەد فەکاک بەدرانی، دەستیان لەکارکێشایەوە.
ھەروەھا دوای بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی، ئەندامانی ئەنجووومەنی نوێنەرانی عێراق سەربە پارتی تەقەدووم، دەستلەکارکێشانەوەیان لە سەرۆکایەتی لیژنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران پێشکەش کرد.