Heman Hussein Yaseen
16 تشرینی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 21 تشرینی دووەم 2023
هەولێر - AA
سەرۆکی شارەوانی هەولێر ڕایدەگەیەنێت کە ماوەی چوار مانگە خەریکی پاککردنەوەی چەپەرەکانی ئاو وەرگرتنن (مەنهۆڵ) و جەختیش لەوە دەکاتەوە کە چەند تیمێکی ئێشکگر وەکو ئامادەباشییەک کە تەواوی کەرەستە و پێداویستییەکانییان لەبەردەستە چەند خاڵێکیان بۆ دیاریکراوە و، بەر لە بارانبارین لەو خاڵانە ئامادە دەبن بۆ ئەوەی ڕێگریی لە دروستبوونی لافاو بکەن.

سەرۆکی شارەوانی هەولێر عەبدولواحید ئەحمەد، لەبارەی هەنگاوەکانی شارەوانی بۆ پاککردنەوەی چەپەرەکانی ئاو و ڕێگرییکردن لە دروستبوونی لافاو، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە سەرۆکایەتیی شارەوانی هەولێر بەر لە وەرزی بارانبارین بە هەماهەنگی سەرجەم شارەوانییەکان، دەست دەکەین بە پاککردنەوەی چەپەرەکانی ئاو وەرگرتن (مەنهۆڵ)، لە مانگی تەمووز تا ئێستا لەم پڕۆسەیە بەردەوامین بۆ ئەوەی لە کاتی بارانبارین هیچ گرفتێک دروست نەبێت، لەلایەکی دیکەوە چەند تیمێکی ئێشکگرمان دەستنیشانکردووە، ئەو تیمانە بەر لە بارانبارین دەگەنە ئەو شوێنانەی کە وەک خاڵی لاواز دەستنیشانکراوە کە نزیکەی ٥٠ خاڵ دەبێت و لەوێ چارەسەری ئەو گرفتانە دەکەن کە لە ڕێڕەوەکانی ئاو دروست دەبن".
ماوەی چوار مانگە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەر بە شارەوانی هەولێر، لە پڕۆسەی گەڕان و پاککردنەوەی ڕێڕەوەکانی ئاون و بەگوتەی سەرۆکی شارەوانی هەولێر، هۆکاری گیرانی ئەو ڕێڕەوانەی ئاو، زیاتر ئەو پاشماوانەن کە هاووڵاتییان فڕێی دەدەن.
لەمبارەیەوە سەرۆکی شارەوانی هەولێر، عەبدولواحید ئەحمەد گوتی: "ئەوەی کە تێبینیمان کردووە لە چەپەرەکانی وەرگرتنی ئاو، بلۆک و تایە و پاشماوەی دیکەی تیادابووە، دەمەوێت لێرەوە هاووڵاتییان ئاگاداربکەمەوە کە ئەم شارە موڵکی هەمووانە و پاراستنی پاک و خاوێنی بنەمایەکی گرنگە و، پێویستە هەمووان ڕەچاوی بکەن".
عەبدولواحید ئەحمەد گوتیشی: "زۆربەی زبڵ و خاشاکەکان لەلایەن هاووڵاتییان فڕێ دەدرێت، هەرچەندە لەناو بازاڕ و شەقامە گشتییەکان چەندین حاویە دانراوە بۆ ئەوەی زبڵ و خاشاکەکە لەیەکتر جیابکەنەوە، بەڵام بەداخەوە هاووڵاتییان پابەندی رێنماییەکان نەبوونە، بۆ نموونە عارەبانچییەک کار و کاسبی خۆی دەکات بەڵام دواتر کە دەگەڕێتەوە ماڵەوە و شوێنەکە بەجێدەهێڵێت دەبینین چەندین پاشماوە لە شوێنەکەیدا بەجێماوە و ئەمە زۆرجار دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەم پاشماوانە بچنە ناو چەپەرەکانی ئاو. بۆیە پاراستنی پاک و خاوێنی لە ئیمانە و پێویستە هەموومان پێیەوە پابەند بین".
شاری ھەولێر لە ڕووی پانتاییەوە گەورەترین شاری ھەرێمە و هەر بۆیەش بوونی ژمارەیەکی زۆر لە ئۆتۆمبێل و کارگە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر پسیبوونی شارەکە هەیە و بۆ پاککردنەوەی ئەم ژینگەیە پێویستی بە ڕێژەیەکی زیاتری سەوزایی هەیە.
لەبارەی ڕێژەی سەوزایی لە شاری هەولێر، سەرۆکی شارەوانی هەولێر عەبدولواحید ئەحمەد گوتی: "تا ئێستا ڕێژەی سەوزایی شاری هەولێر نزیکە لە سەدا ٢٠ و پلانمان هەیە کە ئەم ڕێژەیە بەرزبکرێتەوە بۆ سەدا ٢٥ ئەویش لە ڕێگای چاندنی دار، هەر بۆ ئەم مەبەستەش داوامان لە هەر شەش بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی کردووە کە هەر گۆڕەپانێک هەیە لە سنووری شارەوانییەکانییان ئەوا هەڵمەتی دارچاندنی بۆ بکەینەوە و لەماوەی ڕابردووشدا ئەم هەڵمەتە لە چەندین گۆڕەپان ئەنجامدراوە".
یەکێکی دیکە لە پلانەکانی شارەوانی بۆ زیادبوونی ڕێژەی سەوزایی، تەواوکردنی پشتێنەی سەوزاییە کە بڕیارە لە هەولێر دروست بکرێت و ئەمە ببێتە سەرچاوەیەکی باش بۆ پاککردنەوەی هەوای پیس و دابینکردنی ئۆکسجین لە شارەکە.
لەبارەی پشتێنەی سەوزاییەوە، سەرۆکی شارەوانی هەولێر، عەبدولواحید ئەحمەد گوتی: "پشتێنەی سەوزایی، پانتاییەکەی دوو کیلۆمەترە و درێژییەکەی ٨٠ کیلۆمەترە، واتا بە گشتی ١٦٠ کیلۆمەتر سەوزاییە، ئێستا ئەم پڕۆژەیە لەلایەن چەندین تیمی وەزارەت و پارێزگا دیراسە دەکرێتەوە و زۆنەکان دابەش دەبن بۆ ئەوەی ببێتە پشتێنەیەک بۆ شاری هەولێر و دەبێتە خاڵێکی بەهێز بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی سەوزایی لە شاری هەولێر".
لە ماوەی ڕابردوودا نەبوونی ڕێژەی سەوزایی پێویست لە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان گلەیی هاووڵاتییانی لێکەوتووەتەوە و لەمبارەیەوەش سەرۆکی شارەوانی هەولێر گوتی: "ئێمە لەلایەن خۆمانەوە چەندین جار داوامان کردووە کە بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنان فشار بکات بۆ ئەوەی رێژەی سەوزایی پێویست دابین بکرێت لە پڕۆژەکانی وەبەرهێناندا، بەخۆشحاڵییەوە بەراورد بە چەند ساڵی ڕابردوو ئێستا رێژەکە بەرزبووەتەوە، کاریش لەسەر ئەوە دەکرێت کە ئەو ڕێژە سەوزاییەی لە نەخشە دیاری دەکرێت، کەسی وەبەرهێن پابەند بکات بە ئەنجامدانی پلانەکە وەک خۆی".