Zana Natık Kerem
26 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 27 کانوونی دووەم 2022
ھەولێر ــ AA
ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، مستەفا کازمی بە یاوەریی وەزیرانی بەرگریی و ناوخۆ و ژمارەیەک فەرماندەی سەربازیی و ئەمنیی سەردانی ناوچەیەکی ھێڵی سنووریی عێراق-سووریا لە پارێزگای نەینەوا کرد و لە بارەگای میحوەری شەشی ھێزەکانی پاسەوانیی سنوور لەگەڵ فەرماندە ئەمنیی و سەربازییەکان کۆبوویەوە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە مستەفا کازمی لە کۆبوونەوەکەدا، ئامانجی سەردانەکەی بۆ ناوچەکە خستووەتەڕوو و رایگەیاندووە کە بەئامانجی سەرپەرشتیکردنی ئەو رێوشوێنانەی کە لەلایەن ھێزە ئەمنیی و سەربازییەکانەوە بۆ بەرپەرچدانەوەی ھەوڵەکان بۆ بەئامانجکردنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق گیراونەتەبەر، سەردانی ناوچەکەی کردووە و گوتوویەتی "سەردانەکەی ئەمڕۆمان بۆ ناوچەکە، جەختکردنەوەیە لەسەر بوونی دەوڵەتی بەھێز، ھەروەھا ھێزە ئەمنییەکان لە ئامادەباشی تەواودان بە ئامانجی بەرپەرچدانەوەی ھەوڵەکان بۆ بەئامانجگرتنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتەکەمان".
باس لەوەش کراوە، مستەفا کازمی بەشێک لە قسەکانی ئاراستەی تیرۆریستانی داعش کردووە و گوتوویەتی "تاقیمان مەکەنەوە، چونکە ھەر ھەوڵێک بدەن، شکست دەھێنن و باجی ھەموو ئەو کردە تیرۆریستیانە دەدەن کە ئەنجامتان داوە".
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق سەرجەم فەرماندە و ئەفسەرانی ھێزە ئەمنییەکانی راسپاردووە، بۆ ئەوەی ھەوڵی زیاتر بدەن بەئامانجی پاراستنی ناوچە سنوورییەکان.