Heman Hussein Yaseen Yaseen
27 حوزەیران 2019•نوێکردنەوە: 28 حوزەیران 2019
هەولێر - AA
وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەستگیرکردنی باندێکی ١٠ کەسی راگەیاند کە لەماوەی رابردوودا، پاسپۆرت و ڤیزای وڵاتانیان ساختەکردووە لەنێویاندا، حەوت ڤیزای تورکیا و چوار ڤیزای ئەڵمانیا.
بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سامی جەلال رایگەیاند "لە ماوەی رابردوودا لە لایەن فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر ئاگادارکراینەوە کە چەند پاسپۆرتێکیان دەستگیرکردووە کە گومانی ساختەبوونی لێدەکرێت، بۆیە لەسەر فەرمانی وەزیری ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، لێکۆڵینەوەکان دەستپێکرد دواتر چەند کەسێک بەتۆمەتی لێدانی ئەو ڤیزانە دەستگیرکران کە لە بنەڕەتدا کۆمپانیای گەشتیارییە و بە مەبەستی دەستخستنی پارە، چەندین ڤیزای سەختەیان بۆ پاسپۆرتی ھاووڵاتییان لێداوە".
سامی جەلال لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا باسی لەوەکرد کە جگە لە خاڵەکانی پشکنینی فڕۆکەخانەکان کە ڤیزای سەختەیان دەستبەسەرداگرتووە، ئەوا لە خاڵی پشکنینی ئیبراھیم خەلیلیش بە ھەمانشێوە ژمارەیەک ڤیزای سەختە دەستگیرکراوە کە هەڵگری پاسپۆڕتەکان ھاووڵاتی سووریا بوون و پاسپۆرت و ڤیزای ساختەیان بۆ دروستکراوە بۆ ئەوەی بچنە تورکیا.
ئەو گوتی: "ھەروەھا ژمارەیەکی دیکەش لە پاسپۆرتی ساختە دەستیبەسەردا گیراوە ئەویش دوای ئەوەی کە بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی مووسڵ کەوتە دەست داعش و پاسپۆرتەکان وەک ساختە بەکاردەھێنرێن".
بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سامی جەلال گوتیشی: "لەو ژمارە ڤیزایەی کە دەستی بەسەردا گیراوە، حەوت ڤیزایان تورکی و چواریان ئەڵمانین، هاووڵاتییەکانیش خەڵکی هەرێمی کوردستان و خەڵکی سووریان کە ویستوویانە لە رێگای تورکیاوە بڕۆنە ئەورووپا، هەروەها هێڵێکی گەرم لە نێوان ئێمە و کۆنسولخانەکاندا هەیە، ئەو باندەی کە دەستگیرکراوە، سەربە وڵاتێکی دراوسێن و پۆلیسی ئەو وڵاتەش بەدوای ئەوانەوەیە کە دەستگیرنەکراون و ناویان هەیە، بەڵام ئەوانەی دەستگیرکراون لە لای ئێمەدا، هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتیی سووریان و لەئێستاشدا رێکارە یاسایییەکان بەرامبەریان گیراوەتە بەر".
بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند کە ئەو کۆدانەی لەسەر ڤیزاکانی تورکیا هەبوو، دەرچوو ئەو کۆدانە هی وڵاتی ئازەربایجانە چونکە هەر وڵاتێک کۆدێکی تایبەتی هەیە لەسەر ڤیزایەکە دەدرێت، لەگەڵ ئەوەشدا چەند بەڵگەنامەیەکی تاپۆی خانوو ساختەکراوە کە ئەمەش بەیەکێک لە تاوانە گەورەکان هەژمار دەکرێت و کەسی ساختەکار تا ١٥ ساڵ زیندانی دەکرێت.
سامی جەلال هۆشداریشیدایە هاووڵاتییان کە بەهیچ شێوەیەک باوەڕ بەو کەسانە نەکەن کە گوایا بەبێ چاوپێکەوتن و پەنجەمۆر ڤیزای شنگیان بۆ وەردەگرن و بەهیچ شێوەیەکیش پارەکانییان لە نووسینگەکانی گۆڕینەوەی دراو نەخەوێنن چونکە ئەمە کارێکی نایاساییەوە رێکاری یاساییش بەرامبەر چەند نووسینگەیەک دەگیرێتەبەر.
لەبارەی بەکارھێنانی ئامێرەکانی ساختەکاری، ملازمی یەکەم ئاراس لەتیف حەمەد پسپۆری بەڵگە و تاوان باسی لەوەکرد کە ژمارەیەکی زۆری ساختە ئەنجامدراوە و رێکخراوی تیرۆریستی داعش ژمارەیەکی زۆری لەو پاسپۆرتانە بەکارھێناوە، ھەروەھا مۆر و ڤیزای ساختە لە رێگەی بەرنامەکانی فۆتۆشۆپ و دیزاینەوە کاریان پێکراوە.
هەروەها لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، بەڕێوبەری نشینگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، رزگار فەرزندە گوتی: "لە یەکەم حاڵەتدا کە تەزویرەکە ئاشکرابوو، پێمان وابوو کە لە دەرەوەی وڵات ڤیزاکە لێدراوە، دواتر کە حاڵەتی دووەم و سێیەمی بەدواداھات بۆمان دەرکەوت کە ئەو ڤیزایانە لەناو ھەرێمی کوردستان لێدراون و لە میانی لێکۆڵینەوەکانیشدا توانرا چەند کەسێکی پەیوەندیدار بەو بابەتەوە دەستگیر بکرێت".