Heman Hussein Yaseen
22 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 23 ئادار 2021
ههولێر - AA
لە دووەم رۆژی نەورۆزدا بە مەبەستی بەسەربردی کاتێکی خۆش، لە کەشێکی بەھاریی دا ھاووڵاتییان روویان لە دەرەوەی شار و سەیرانگاکان کرد و، لە دەوری یەکتر کۆبوونەوە.
ھەر چەندە پارساڵ بەھۆی راگەیاندنی قەدەغەی ھاتوچۆ و بوونی ڤایرۆسی کۆرۆناوە جەژنی نەورۆز نەکرا، بەڵام ئەمساڵیش سەرەڕای بوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا، رێگا بە ھاووڵاتییان درا کە بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش روو لە دەشت و دەر بکەن.
رۆژی دووەمی جەژنی نەورۆز، بەراورد بە رۆژی یەکەمی نەورۆز دەشت و دەر و رێگاکان چۆڵتر بوو، کەمتر خنکانی ھاتوچۆ لە شەقامەکاندا ھەبوو بەھۆی ئەوەی دوێنێ یەکشەممە کە ھاوکات بوو لەگەڵ یەکەم رۆژی جەژنی نەورۆز، ھاووڵاتییان روویان لەدەشت و دەر کردبوو.
تەواوی رێگاکان لەلایەن پۆلیسی ھاتوچۆیەوە کۆنتڕۆڵکراوه بۆ ئەوە ھیچ رووداوێکی ھاتوچۆی نەخوازراو روونەدات چونکە دوێنێ لە سنووری پارێزگای ھەولێر چەند رووداوێکی ھاتوچۆ ھەبوو کە ببووە ھۆی گیانلەدەستدانی دوو کەس و برینداربوونی دە کەسی دیکە.
ھەرچەندە ئەمڕۆ کەشوھەوا بەراورد بە دوێنێ کەمێک ساردتر بوو بەڵام بەشێک لە ھاووڵاتییان روویان لە دەرەوەی شار کرد و بەتایبەت لە سەیرانگای ھەنارە کە لەوێ ھاووڵاتییان بەشێکیان خۆیان بە یاری و بەشێکی دیکەیشیان بە ئەسپسواری سەرقاڵ کردبوو.
ساڵانە لە ٢١ی ئاداردا لەگەڵ ھاتنی یەکەم رۆژی وەرزی بەھار و تەواوبوونی سەرما و سۆڵەی زستان، گەلی کورد و ژمارەیەک لە گەلانی دیکەی رۆژهەڵاتی ئاسیا یادی نەورۆز دەکەنەوە و ئێوارەی پێش رۆژی نەورۆز لەسەر لووتکەی چیا و شوێنە بەرزەکان، مەشخەڵی ئاگردەکرێتەوە و لە هەرێمی کوردستانیش رۆژی نەورۆز خەڵک دەستە دەستە بە پۆشینی جلوبەرگی کوردی دەچنە دەشت و دەر و سێ رۆژ بە دەربڕینی کەیف و خۆشی بەسەر دەبەن.