Azat Muhammet
19 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 23 ئادار 2017
دهۆک-AA
بەرپرسى راگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى پارێزگاى دهۆک، رائید هێمن سلێمان رایگەیاند "ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى دهۆک بە هەموو بەشەکانیەوە پلانێکى ئەمنى تۆکمەمان داڕشتووە بە مەبەستى پاراستنى سەقامگیرى پارێزگاى دهۆک و پاراستنى سەروەت و سامانى هاووڵاتییانە لە ماڵەکانیان، ئەم پلانەشمان تا کۆتایی مانگى ئادار بەردەوام دەبێت".
بەرپرسى راگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى پارێزگاى دهۆک، رائید هێمن سلێمان ئەمڕۆ لە هۆڵى بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى دهۆک لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانى رایگەیاند "ئەو فەرمانگە و هێزانەى بەشدارن لە پلانى ئەمنى پۆلیسى پارێزگاى دهۆک، بریتین لە بارەگاى بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى پارێزگاى دهۆک، ئەفسەران و کارمەندانى بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى لە دەوامى خۆیان ئامادە دەبن بۆ هەر روودانێکى پێویست، هەروەها بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى ئیشکگر بەرپرسە لە کارمەندان".
هەروەها گوتى: "لە بەشى پۆلیسى ناوشاردا هەموو کارمەندەکان لە دەوامەکانیان بەردەوام دەبن، هەروەها ٢٠ ئەفسەر و ١٢٩ کارمەند لە حاڵەتى هەماهەنگى و هاوکار دەبن لەگەڵ دامودەزگاکانى پۆلیسى نەهێشتنى تاوانەکان دەکەن. ئەفسەرانى ئیشکگر لە دەزگاکانیان بەردەوام دەبن لە کارەکانیان بۆ ئەوەى ئەگەر هاووڵاتییەک سکاڵایەکى یاسایی هەبێت بتوانێت تۆمارى بکات لەلاى پۆلیس، لە بەشى نەهێشتى تاوانەکان ٣٠٠ کارمەند دابەش کراون بەسەر بەسەر پێنج کەرت مەفرەزەى گەڕۆک لەناو کوچە و کۆڵانەکانى ناوەندى دهۆک بەجلوبەرکى مەدەنى و پیادە و ئۆتۆمبێل هاتوچۆ دەکەن، لە هەموو بنکەکانى نەهێشتنى تاوان ئەفسەر و کارمەند ئامادەى خزمەتکردنى هاووڵاتییان دەبن".
رائید هێمن سلێمان دەڵێت "لە هەمان کاتدا بەشى پۆلیسى زێرەڤانى هەڵدەستێت بە جێگیرکردنى پۆلیسى زێرەڤانى لە هەموو دامودەزگاکانى حکومى و حزبى و، تیمى گەڕۆک بەردەوام بەدواداچوون و چاودێرى دۆخەکە دەکەن. هەروەها بەشى پۆلیسى چالاکییە مەدەنییەکانى پارێزگاى دهۆک هەڵدەستێت بە جێگیر کردنى مەفرەزە لە شوێنانەى ئاهەنگى تێدا دەگێڕدرێت بە بۆنەى جەژنى نەورۆز، ئەم مەفرەزانەى پۆلیسى چالاکییە مەدەنییەکان لە ناوەندى پارێزگا و دەورووبەرى بڵاوەیان پێدەکرێت، دانانى مەفرەزەى تایبەت لە زاویتە، گەلى کورتکێ و قارقاراڤا کە شوێنى گەشتیارین لە پارێزگاى دهۆک، زیاتر لە ١٠٠ پۆلیس لە بارەگاى پۆلیسى چالاکییە مەدەنییەکانى پارێزگاى دهۆک لە حاڵەتى ئامادە باشیدا دەبن بۆ ئەوەى لە کەمترین کاتدا دۆخى نەخوازراو کۆنتڕۆڵ بکەن".
بەرپرسى راگەیاندنى بەرێوەبەرایەتى پۆلیسى پارێزگاى دهۆک ئاماژەى بە ئەرکى پۆلسى فریاکەوتنى پارێزگاى دهۆک-دا و گوتى: "٢٢ بازگەى پۆلیسى فریاکەوتنى پارێزگاى دهۆک لەناو پارێزگاى دهۆک جێگیر کراون لە هەر بازگەیەک ژمارەیەک پۆلیس و ئۆتۆمبێلێکى تایبەتى پۆلیس دابین کراوە بۆیان، دوو مەفرەزەی گەڕۆک تەواوى کارمەندانى حاڵەتى ئامادەباشی دان بەسەر دەکەنەوە، هەماهەنگیەکى باش لەنێوان هەموو دامودەزگاکان بوونى دەبێت. هێلى گەرمى پەیوەندیدکردن ژمارە ٠٦٢ و ١٠٤ و ١٤٠ بەردەوام لە خزمەتى هاووڵاتییان دەبن بۆ ئەوەى هاووڵاتییان بتوانن لایەنى پەیوەندیدار ئاگادار بکەنەوە".
گوتیشی: "ئەم پلانە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى دهۆک سەرپەرشتى دەکرێت و زیاتر لە چوار هەزار پۆلیس بەشدارن لەم ئەرکەدا لەگەڵ ژمارەیەکى زۆر لە ئەفسەرانى بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى دهۆک. داوا لە هاووڵاتییان دەکەین لەگەڵ لایەنى پەیوەندیدار هاوکار بن. لە بەرنامەى پۆلیسى دهۆک دایە یارییە ئاگریینەکان کۆنتڕۆڵ بکات و تا ئێستا زیاتر لە ٥٥ هەزار پارچەى یارى ئاگرین دەستەسەر کراون".
لە کۆتاییدا ئاماژەى بەوەدا ژمارەیەکى زۆر پۆلیسى سەربە بەڕێوەبەرایەتى پارێزگاى دهۆک لە سنوورى خانەسۆر و شنگال جێگیر کراون بۆ ئەوەى رەوشی ناوچەکە کۆنتڕۆڵ بکەن.