سلێمانی
ساڵی ٢٠٠٩ بەڕاگەیاندنی ڕێکخراوێکی تازە لەھەرێمی کوردستان بەناوی (یەکێتی پیاوانی کوردستان) ڕێکخراوو چالاکوانانی ژنان ناڕەزاییان دەربڕی و پێیانوابوو بۆ دژایەتی کارو چالاکییەکانی ژنانە لەھەرێمی کوردستان، یەکەمجار بوو لەناوچەکەدا ڕێکخراوێکی لەو شێوەیە بۆ داکۆکی لەمافی پیاوان دابمەزرێ.
یەکێتی پیاوانی کوردستان، ڕێکخراوێکی سەربەخۆی ناحکومییە و مۆڵەتی ڕەسمی لەحکومەتی ھەرێمی کوردستان وەرگرتووە، بەدروشمی (خۆشەویستی نیشتمان، خۆشەویستی ھاوسەر، ژیانێکی نوێ و باوکێکی دڵسۆز) کار دەکات، بەرپرسانی ئەو رێکخراوە دەڵێن ئێستا زیاتر لەحەوت ھەزار ئەندامیان ھەیە.
کاربەدەستانی یەکێتییەکە رایدەگەیەنن بۆ رێزگرتن لەپیاو، بەتەمان رۆژێک دیاری بکەن و تا ئێستا لەسەر رۆژێک یەکلایی نەبوونەتەوە.
بورھان عەلی، سکرتێری یەکێتی پیاوانی کوردستان لەدیدارێکدا لەگەڵ (ئاژانسی ئانادۆڵو AA) دەڵێ بیرۆکەی رێکخراوەکە لەدوای ئەوەھات پرسی ژنان لەھەرێمی کوردستان کاری زۆری لەسەر کرابوو، بەجۆرێک یاساکانی تایبەت بەباری کەسێتی لەسەر حسابی پیاوان گۆڕانکاریی گەورەیان تێدا دەکرا.
بورھان گوتی " لەساڵی ٢٠٠٣ بۆ ٢٠٠٥ لێکۆڵینەوەیەکمان ئەنجامدا لەسەر ئەو ڕاپۆرتە نێودەوڵەتیانەی ئاماژەیان بەژنکوشتن دابوو لەھەرێمی کوردستان، گەیشتینە ئەو ئاکامەی ئامانجێک لەپشت ئەو ڕاپۆرتانەوە ھەیەو ڕێژەکەش بەو شێوەیە نییە کە بڵاودەکرێنەوە، دوای ئەوە بیرمان لەوەکردەوە ڕێکخراوێ دروست بکەین بۆ ھۆشیارکردنەوەی ڕەگەزی نێرینەی کوردو ئەرکەکانی لەناو خێزاندا".
ئەو ڕێکخراوە بێجگە لەسەرۆک، دەستەیەکی ڕاوێژکاریی ١٥ کەسی بەڕێوەی دەبەن، بارەگای سەرەکی ڕێکخراوەکەش لەشاری سلێمانییە.
سکرتێری یەکێتی پیاوان باسی ئەو ئاستەنگانە دەکات کە لەسەرەتای دروستبوونی ھاتووەتە رێیان " لەڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست یەکەم ڕێکخراوی پیاوانین، کۆمەڵگەکەشمان بەکۆمەڵگەیەکی ژنکوژو پیاوسالاری بەناوبانگە، بۆیە نامۆ بوو ڕێکخراوێکی لەمشێوەیە بۆ داکۆکی لەمافی پیاوان دابمەزرێ. سەرەتا ڕوبەڕووی زۆر کێشەو گرفت بووینەوە، بەجۆرێک حکومەتی ھەرێم دوو ساڵ مۆڵەتی کارکردنی پێنەداین، ڕێکخراوەکانی ژنانیش دژایەتی زۆریان کردین و ھەوڵێکی زۆریان دا تاوەکو ڕێگری بکەن لەپێدانی مۆڵەت و کردنەوەی ڕێکخراوەکەو زۆر شتیان بۆ ھەڵبەستین، تائێستاش ئەو دژایەتیانە ھەر ھەن و ڕێکخراوەکانی ژنان بەچاوێکی دوژمنکارانەوە سەیرمان دەکەن، حکومەتیش ھیچ جۆرە بودجەیەکی بۆ تەرخان نەکردووین".
کاری ئێستای ئەم ڕێکخراوە بەدواداچوونی گرفتەکانی پیاوانە لەخێزانداو کۆکردنەوەی ئامارەکانی توندوتیژی دژ بە پیاوان، ھەروەھا چەند کارێکی دیکە دەکەن لەوانە سازدانی کۆڕو ھۆشیارکردنەوەی پیاوان، کردنەوەی خولی ھۆشیاریی لەناوچە جیاکان، لەگەڵ وەرگرتنی کەیسەکانی پیاوان و ئەو کێشەو گرفتانەی بۆیان دروستدەبێ.
بورھان عەلی نیگەرانە لەبەرزبونەوەی ڕێژەی جیابوونەوەی ھاوسەران لەھەرێمی کوردستان و ھۆکارەکەی دەخاتە ڕوو" بە تەنیا لەساڵی ٢٠١٢ دا پێنج ھەزارو ٦٠٠ حاڵەتی جیابونەوە لەھەرێم تۆمارکراون، زیادبوونی ئەو ڕێژەیەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە بنەمای پێکھێنانی ژیانی ھاوسەرێتی لەسەر کۆمەڵێ دەسکەوتی مادی و غەریزییە نەک بنەمای خۆشەویستی".
بەپێی ئامارەکانی یەکێتی پیاوان، توندوتیژیی دژی پیاوان لەھەرێمی کوردستان لەحاڵەتەوە بەرەو دیاردە دەچێ، کەیسەکانی توندوتیژی دژی پیاوان ڕوو لەزیاد بوونە، بەپێی ئامارەکانی یەکێتی پیاوانی کوردستان لەشەش مانگی کۆتایی ساڵی ٢٠٠٨ ٣٣ کەیسیان ھەبووە، بەڵام لەساڵی ٢٠١٢ رێژەکە بەرزبووەتەوە بۆ ١٦٣ حاڵەت، ھەروەھا لەماوەی ھەشت مانگی ٢٠١٣ تائێستا ٤١ حاڵەت تۆمارکراون.
جۆری ئەو توندوتیژییانەی دەست نیشانکراون بەرامبەر پیاوان، بریتین لە "توندوتیژی جەستەیی، خیانەتی ھاوسەرێتی، فشاری دەروونی، دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵک ومنداڵ، ھەروەھا مووچە، دەرکردن و کوشتنی پیاوان".
سکرتێری یەکێتی پیاوان ئاماژەی بەوەکرد لەھەرێمی کوردستان ھیچ یاساو سیستمێک نییە بەرگریی لەپیاوان بکات، لەزۆربەی ئەو سکاڵایانەی لەنێوان پیاوان و ژناندا تۆمار دەکرێن لەبەرژەوەندیی ژنان دەشکێنەوە، دەسەڵاتیش ئەو کەیسانە وەرناگرێ کەلەلایەن ڕێکخراوەکەو پیاوانەوە تۆمار دەکرێن.
بورھان عەلی دەڵێ ئەو پیاوانەی روویان لێدەکەن و سکاڵایان لا تۆماردەکەن لەچین و توێژە جۆربەجۆرەکانن و یەک چینی دیاریکراو نین " لەھەموو توێژەکان روومان لێدەنێن و سکاڵای سەرسوڕھێنەر تۆمار دەکەن، جارێک لەلای بەرپرسێکی باڵای ھەرێم باس لەکرانەوەی یەکێتی پیاوان کرابوو، بەرپرسەکەش بەپەلە داوای کردبوو فۆرمێکی لەڕێکخراوەکە بۆ پڕ بکەنەوە تاوەکو جێگا ماوە".
بورھان عەلی باس لەپرۆژەی داھاتوویان دەکات وەک ھەموو چین و توێژەکانی دیکە لەھەوڵدان بۆ دیاری کردنی ڕۆژێکی تایبەت بۆ ڕێزگرتن لەپیاوان، ئەو ڕۆژەش تائێستا دیاری نەکراوەو چەند پێشنیارێک خراوەتە بەردەمیان وا بڕیارە یەکێتی پیاوانی کوردستان ڕۆژێک دیاری بکەن تاوەکو ببێتە ڕۆژی پیاوان وەکو رۆژی ٨ی مارس رۆژی جیھانی ژنان.