Rewa Mahmood Hasan
02 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 05 تشرینی دووەم 2019
هەڵەبجە-AA
تۆڕی رێکخراوەکانی هەڵەبجە، بە چاودێری پارێزگاری هەڵەبجە، ئازاد تۆفیق، ئەرکی رێکخستنی فێستیڤاڵی ئەمساڵیان گرتووەتە ئەستۆ و بڕیارە بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام بێت.
فێستیڤاڵەکە کە لە پارکی یاری شاری هەڵەبجە بەڕێوەچوو، ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتییانی شارەکە و ناوچەکانی دەوروبەری بەشداربوون.

سەرەتای فێستیڤاڵەکە بە گوتەی پارێزگاری هەڵەبجە دەستی پێکرد و تیایدا ئازاد تۆفیق ئاماژەی بەوەدا کە تایبەتمەندی فێستیڤاڵەکە لەوەدایە کە بە تەنها بۆنەیەکی تایبەت بە کشتوکاڵ نییە، بەڵکو وەک بۆنەیەکی کولتووری رۆڵدەگێڕێت و برەو بە دیوە کولتوورییەکانی وەک ئەدەب دەدات.
لە لای خۆیەوە سەرۆکی تۆڕی رێکخراوەکانی هەڵەبجە، ئەرسەلان عابد کە رێکخەری فێستیڤاڵەکەیە لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوە دا کە بە خۆشحاڵییەوە ئەمساڵ سێ هێندەی ساڵی رابردوو خاوەن باخ و بەرهەمهێنەرانی هەنار بەشدارییان لە ڤیستیڤاڵەکەدا کردووە.

ئەرسەلان عابد ئاماژەی بەوەدا کە هەڵەبجە بەهۆی لاچەپهکیەوە ناتوانێت وەک پێویست بەرهەمەکانی خۆی بە شارەکانی دیکە بناسێنێت بۆیە بیریان لە فێستیڤاڵی لەو جۆرە کردووەتەوە.
سەرۆکی تۆڕی رێکخراوەکانی هەڵەبجە باس لەوە دەکات کە ئەوان بەنیازن لە ساڵانی داهاتوودا میوانی بیانی و بازرگانانی وڵاتانی ناوچەکە بانگهێشی فێستیڤاڵەکە بکەن و ئاشکرایکرد کە لەگەڵ ژووری بازرگانی هەڵەبجە قسەیان کردووە تاکو بتوانن بەرهەمەکانی هەنار و بەرووبوومی دیکەی کشتوکاڵی هەڵەبجە ساغ بکەنەوە.

ساڵانە پارێزگای هەڵەبجە نزیکەی ٣٥ هەزار تۆن هەنار بەرهەمدەهێنێت و لە فێستیڤاڵی ئەم ساڵدا ٣٥٠ خاوەن باخ و بەرهەمهێنی هەنار بەشدارن کە دوو رۆژ دەخایەنێت.
هەناری هەڵەبجە چەند جۆرێکی هەیە بەپێی تام و شێوەکەی ئەوانیش هەناری عەبابەیلێ، ساڵەخانی و سازان.