Dlshad Saifaalddin Ahmed
26 نیسان 2019•نوێکردنەوە: 01 مای,س 2019
سلێمانی ـ AA
دەیان ھەزار کەس کە بەشێکیان بەرپرسانی حکوومی و حزبی لەنێویاندا سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ئەحمەد ساڵح ئامادەی دەیەمین فێستیڤاڵی ئێل بەگی جاف جاف بوون، کە ئەمڕۆ هەینی لە گوندی باخان لە ناوچەی قەرەداغ بەڕێوەچوو.
ھۆزی جاف یەکێکە لە ھۆزە دیار و گەورەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق و لە زیاتر لە ٥٠ ھۆز و تیرە پێکھاتوون و بەسەر ناوچەکانی ھەرێمی کوردستاندا دابەش بوون، دروشمی سەرەکی فێستیڤاڵەکشیان لەژێر ناوی (بۆ ئاشتی نێوان ھۆزەکان بوو).
لەم فێستیڤاڵەدا ھەموو چین و توێژە جیاجیاکان ئامادەبوون، بەشی زۆری بەشداربووان لە ھەردوو رەگەز جلوبەرگی کوردییان پۆشیبوو، زۆربەی ھۆزە بەشداربووەکانی فێستیڤاڵەکەش دەواریان ھەڵدابوو وەک ئاماژەیەک بۆ مێژووی ھۆزەکانیان کە دەوار نشین بوون.
لەم فێستیڤاڵەدا چەندین چالاکی جۆراوجۆری کولتووری و کۆنی ھۆزەکان ئەنجام دەدرێت کە لە کاتی خۆیدا ئەنجامدراوە، ھەروەھا خواردنی کۆنی کوردەواری ئامادە دەکرێت و پێشکەش بە ئامادەبووان دەکرێت.
لە فێستیڤاڵەکەدا بەھۆی دروستبوونی شەڕ و ئاڵۆزییەوە کەسێکی تەمەن ٢٠ ساڵان کوژرا، بەگوتەی ھێزە ئەمنییەکان ھۆکاری روداوەکە بەھۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە بووە.
لە وەرزی بەھاردا ھۆز و تیرە جیاجیاکان لە ھەرێمی کوردستان کەرنەڤاڵ و فێستیڤاڵی تایبەت بە ھۆزەکانیان ئەنجام دەدەن، ئەوەش وەک خۆیان دەڵێن بۆ زیندووکردنەوەی کولتووری کۆنی ھۆزەکانیان و ئاشناکردن و ناسینی نەوەکانە بە یەکتر.