ریاز
چوارەمین کۆنگرەی ئاژانسەکانی جیھان لە شاری ریاز پایتەختی سعودیە، دەستی بەکارەکانی کرد. چەندین بەڕێوەبەر و بەرپرسی ئاژانسە بەناوبانگەکانی جیھان بەشدارییان تێدا کرد، کەمال ئۆزتورک سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەرایەتی و بەڕێوەبەری گشتیی AA یەکێ بوو لە بەشداربووان.
نوێنەرانی ئاژانسە بەناوبانگەکانی وەکو ئاژانسی ئانادۆڵو AA، ئاژانسی ھەواڵی فەرەنسی AFP، ئاژانسی ھەواڵی ئیسپانی EFE، ئاژانسی ھەواڵی روسی ITTAR TASS بەشدارن لەو کۆنگرەیەو وا بڕیارە سێ رۆژ بخایەنێ.
کۆنگرە کە لەلایەن شای سعودیە پشتگیریی دەکرێ لە تەوەرەکانی وەکو " بارودۆخی میدیا لە جیھان، بازاڕی نوێ و ئابوونەی نوێ، میدیای کۆمەڵایەتی و دیجیتاڵ، بۆچوون لەبارەی ئاژانسەکانی ھەواڵ بە عەرەبی، قۆستنەوەی دەرفەتی نوێ، ھەروەھا ھەڵسەنگاندنی داھاتوو، چۆنێتی پڕکردنەوەی پێداویستیی ئاژانسەکانی ھەواڵ و میدیای نووسراو" دەکۆڵێتەوە.
محێدین خۆجە، وەزیری کەلتوور و زانیاریی سعودیە لەکاتی کردنەوەی کۆنگرەدا، گوتارێکی پێشکەشکرد و باسی گرنگی ئاژانسەکانی ھەواڵیکرد. خۆجە گوتی:"ئاژانسەکان بەتایبەتی لە بواری گەیاندنی ھاوکاریی مرۆڤایەتی بۆ ھەموو شوێنێ، رۆڵی گرنگیان بینیووە، سعودیە پەیوەست بۆ ئەو کارەساتانەی روو بەڕووی جیھان دەبێتەوە بۆ پێشکەشکردنی ھاوکاریی مرۆڤایەتی ھەوڵی زۆریداوە. بۆ ئەوەی میدیا ھەواڵی راست بڵاوبکاتەوە، پێویستە گرنگی بە بەھاو ئیتیکی رۆژنامەوانیی بدا".
ھەروەھا عەبدولڵا بن فەھد ئەلحوسێن، سەرۆکی ئاژانسی ھەواڵیی سعویە SPA، ئاماژەی بە پێشکەوتنی تەنکۆلۆژیا کردو گوتی: "میدیای نووسراو بەتایبەت ئینتەرنێت و میدیای کۆمەڵایەتی، رووبەڕوی زەحمەتی زۆر دەبنەوە. ئاژانسەکانی ھەواڵ تەنیا بە نوێکردنەوەی تەکنۆلۆژیا دەتوانن بگەنە خێرایی زانیاریی. ئێمە وەکو SPA بۆ جێگرتن لەناو ئەو پێشبڕکێیەدا، ھەوڵی چڕوپڕ دەدەین."
چاغاتای چولجوئۆغڵو جێگری بەڕێوەبەری گشتی AA بەشداریی لە پانێلی "ھەڵسەنگاندنی دەرفەتی نوێ" بەناونیشانی تێپەڕین بۆ دەرفەتی نوێ، گوتارێک پێشکەش دەکات. چولجوئۆغڵو لەو گوتارەیدا باسی ھەوڵەکانی AA لەم چەند ساڵەی دوایی دەکات لەمەڕ " ھەوڵی بوونی بە پێنجەمین ئاژانسی گەورەی جیھان" و باسی ھەوڵەکانی نوێبوونەوە ئاراستەی بە جیھانیبوون دەکا.
کەمال ئۆزتورک، بەڕێوەبەری گشتی AA، لەگەڵ سەرۆکی SPA و بەرپرسانی ئاژانسەکانی تر کۆبووەوە.
لەھەمان کات ئۆزتورک لەگەڵ چولجوئۆغڵو سەردانی باڵیۆزی تورکیا لە سعودیە یونس دەمیرەریان کرد. ئۆزتورک زانیاریی لەبارەی کار و چالاکییەکانی AA گەیاندە دەمیرەر. باڵیۆزی تورکیا لە سعودیە گوتی: "چالاکییەکانی AA لە جیھانی عەرەبی، مایەی دڵخۆشین."