مەدرید
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا یاریزان (مەسعود ئۆزێل) لە وەڵامدانەوەی پرسیارێک لەبارەی جێھێشتنی یانەکەی گوتی "بەپێی بۆندەکەم تا ساڵی ٢٠١٦ یاریزانی ریال مەدریدم و ئاسوودەم لێرە. بەتایبەتی لەگەڵ ھاوڕێکانم گونجاوم. دەمەوێ سەرکەوتن لەگەڵ یانەکەم بەدەستبێنم".
ئۆزێل لەبارەی ئەو بۆندانەی لەلایەن یانەکانی دیکەوە ئاڕاستەیکراون گوتی "ماوەی بۆندەکەم تەواونەبووە. من لە ریال مەدرید دەمێنمەوە. ئێمە وەک یانەی ریال مەدرید چەندین ئامانجمان ھەیە. جگە لەوە متمانەم بە راھێنەر ھەیە. ھۆکاری پێداگریم لە مانەوە، بەدەستھێنانی جامەکانە لەگەڵ یانەکەم".
یاریزانی شاھانە خۆشحاڵە بە کۆکردنەوەی شەش خاڵ لە دوو یارییدا. لە ھەمان کاتدا بە پێویستیزانی یاریێکی باشتر پێشکەشی جەماوەرەکەیان بکەن.
ئۆزێل دەربارەی وەرگرتنی پۆستی یاریدەدەری راھێنەر لەلایەن (زەینەدین زێدان)ەوە گوتی "من دەمێکە ھاندەری سەرسەختی ئەوم. ئێستا زۆر خۆشحاڵم کە ئەو راھێنانمان پێ دەکات. کاتێ بۆ یەکەمجار لە مەدرید ئەوم بینی، کەسێکی زۆر تووڕە دیاربوو. بەڵام نکۆڵی لە تواناکانی ناکرێ. ئێستا زێدان پاڵپشتێکی زۆر بەھێزە بۆ ئێمە".
مەسعود ئۆزێل لەبارەی چاوپێکەوتنی بەردەوام لەگەڵ خێزانەکەیدا گوتی "ئەوانم زۆر خۆشدەوێ و بە بینینیان دڵخۆش دەبم. ھەمیشە پشتگیریی منیان کردووە. بۆ بینینی ئەوان زۆر جار دەگەڕێمەوە ئەڵمانیا".