دیاربەکر
دوای ئەوەی دادگای دووەمی سزا قورسەکانی دیاربەکر لەبارەی ٣٠ بەندکراوی دۆزی کەجەکەوە بڕیاری ئازادکردنی ٢٦ بەندکراوی دەر کرد، کە سەرۆکی پێشووی شارەوانی باتمان نەجدەت ئاتاڵای و سەرۆکی شارەوانی پەیاس زولکوف قەرەتەکین لەناو ئازادکراوەکاندا بوون، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لەوبارەیەوە رێکخرا.
کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە لەبەردەم بینای مەڵبەندی دیاربەکری بەدەپە رێکخرا و تیایدا سەرۆکی پێشووی شارەوانی باتمان نەجدەت ئاتاڵای بە ناوی ئازادکراوەکانەوە گوتەیەکی پێشکەش کرد و خۆشحاڵی خۆیانی بەرامبەر بە ئازادکردنیان دەربڕی و رایگەیاند، کە "لەمەودوا خەبات لە پێناو ئازادکردنی هاوەڵانی دیکەیان دەکەن."
ئاتاڵای ئاماژەی بەوە دا کە تا ئێستا شەش لە هاوڕێکانیان ئازاد نەکراون و راشگەیاند کە بە هەزاران منداڵ لە زیندانەکاندان "تەنیا لە بەر ئەوەی بە ئاماژەی دەست هێمای سەرکەوتنیان نیشان داوە لە خۆپیشاندانەکاندا."
لەوبارەیەوە ئاتاڵای گوتی: "لە ئێستادا پرسی دەستبەسەرە نەخۆشەکان لەئارادایە کە سنوورەکانی ویژدانی تێپەڕ کردووە، چەندین کەس لە زیندانەکاندا دەمرن و ماوەی ٢٠ ساڵە وەک زیندانی سیاسی لەناو بەندیخانەکاندان، دەبێ هەرچی زووە زیندانییە سیاسییەکان و نەخۆشەکان ئازاد بکرێن."
ئاتاڵای ئاماژەی بە گرنگی قۆناغی چارەسەر کرد و رایگەیاند کە "ماوەی ساڵ و نیوێکە بە چەندین قۆناغی جیاوازدا تێپەڕبوونە تا گەیشتوونەتە ئەمڕۆ."