Dlshad Saifaalddin Ahmed
21 کانوونی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 22 کانوونی دووەم 2019
سلێمانی ـ AA
وەستا زاھیر عەزیز حەمەعەلی لەدایکبووی ساڵی ١٩٢٨ی گوندی گوڵپی ناوچەی ھەورامانە، ئەو ئێستا دانیشتووی شارۆچکەی خورماڵە لە ناوچەی ھەورامانی نزیک ھەڵەبجە، ئەوەی ئەم پیاوە بەتەمەنە لە پیاوانی تری ناوچەکە جیادەکاتەوە تەمەن درێژی و مانەوەی بەو شێوەیەی ئێستا و دووری لە نەخۆشی و ھیلاکی رۆژگارە.
زاھیر عەزیز لە بارەی چیرۆکی تەمەنی خۆی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵۆ دوا و دەربارەی تەمەنی راستەقینەی خۆی گوتی: "لە دایکبووی ساڵی ١٩٢٨ی گوندی گوڵپی ناوچەی ھەورامانم و بیرمە کە ناونووسیان کردم بۆ دەرھێنانی ناسنامە، لەم رۆژانەشدا تەمەنم گەیشتە ٩١ ساڵ".
ئەم پیاوە تا پۆلی پێنجی سەرەتایی خوێندووە و بەشی خۆی خوێندەواری ھەیە، بە ھۆی گواستنەوەی گوندەکەیان و دووری قوتابخانەکەیەوە نەیتوانیوە درێژە بە خوێندن بدات و بە ناچاری وازی لە خوێندن ھێناوە.
زاھیر عەزیز سەرەڕای ھەڵکشانی تەمەنی تەندروستییەکی باشی ھەیە و ھێشتا زۆر بەگوڕە، بەڵام مانەوەی ئەو بەمشێوەیە و پاراستنی تەندروستی خۆی لەخۆوە نییە، ئەو دەڵێت "لە ساڵی ١٩٥٠وە دەستم بە وەرزشکردن کردووە و بەبێ دابڕان ھەموو رۆژێک بەبەرنامە وەرزش دەکەم، رۆژانە دوو کاتژمێر وەرزش دەکەم و چەندین کیلۆمەتر بەپێ دەبڕم و زۆربەی جاریش دەچمە سەر شاخ".
ئەو زیاتر لەو بارەیەوە گوتی: "بەھار و ھاوین بەیانیان وەرزش دەکەم و پاییز و زستانیش بەئێواران، ھیچ شەوێک نییە پێش نووستن ٢٠ خولەک کەمتر نەگەڕێم و وەرزش نەکەم، ئەوە نھێنی تەندروستیمە، ئەو خۆراکانە ناخۆم کە زیان بە تەندروستی دەگەیەنن و تەنھا سوود لە خواردنی خۆماڵی وەردەگرم و بەیانیان پێنج کوپ شیری مانگای زەرد دەخۆم لەگەڵ گوێز و ھەنگوین و بادەم و رەشکە و خواردنی تر، نیوەڕوانیش درێغی ناکەم لە خواردنی گۆشت و کەباب و خواردنە خۆشەکانی تر، وزەی ھەموو ئەو خواردنانەش بە وەرزشکردن و رێوڕۆشتنی زۆر بەکاردەھێنمەوە".
وەستا زاھیر دەیەوێت نھێنی زیاتر لە بارەی تەندروستی خۆی ئاشکرا بکات و تا ئێستاش چەندین دیمانە و چاوپێکەوتنی ئەنجامداوە بە ئامانجی ئەوەی ھاووڵاتییان بە گشتی و گەنجەکان بەتایبەتی سوود لە ئەزموون و ژیانی وەربگرن و دوورکەونەوە لەو ھۆکارانەی کە مایەی زۆری نەخۆشی ئەم سەردەمەن و گوتی: " پێشتر جگەرە خۆر بووم، بەڵام وازم لە جگەرەکێشان ھێنا و دوو شتی ترم زیاد کرد کە ئەویش نان خواردن و وەرزشکردنە، من ھەموو جۆرە خواردنێک لە خواردنی تەندروست و خۆماڵی دەخۆم و تا ئێستاش یەکجار بۆ نەخۆشی نەچوومەتە نەخۆشخانە و لەخودا بەزیاد بێت ھیچ نەخۆشییەکم لەگەڵ نییە".
خەو و پشووی وەستا زاھیر وەک خۆی ئاماژەی پێدەکات، شەوانە لە کاتژمێر ١٢ دەخەوێت و بەیانیان زوو پێش کاتژمێر چوار ھەڵدەستێت بۆ نوێژ و خوداپەرستی، ئەو دەڵێت "ھەموو شەوێک لە پێش کاتژمێر چواری بەیانی ھەڵدەستم بۆ ئەنجامدانی نوێژ و عیبادەت، ئەوەی بەبیرم دێت ٣٦ ساڵە من چاوەڕوانی فەجر دەکەم و زوو ھەستاوم و خۆم ئامادە کردووە و چاوەڕوانی نوێژم کردووە نەوەک نوێژەکە چاوەڕوانی من بکات".
وەستا زاھیر ئێستا پیشەی سەرتاشییە و دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٤٧ لە گوندەکەیانەوە ھاتوونەتە شارۆچکەی خورماڵ، باوکی دوکانی سەرتاشینی داناوە و بژێوی خێزانەکەیانی دابین کردووە، دەربارەی چۆنیەتی فێربوونی پیشەی سەرتاشین گوتی: "لەدوای کۆچی دوایی باوکم کە وەستای سەرتاشین بوو لە کۆتایی پەنجاکاندا، لەسەر قسەی کەسوکارم و خەڵکانی دەورووبەرم، جێگاکەی باوکم گرتەوە و دەستم بەکاری سەرتاشی کرد، بە شێوەیەکی رەسمیش لە ساڵی ١٩٥٧ەوە تائێستا بەردەوامم ".
ئەو وەفادارە بەرامبەر ئەو ئامێرانەی لە دوکانەکەیدا بەکاری ھێناون و مەکینە دەستیەکان کە کاری سەرتاشینی خەڵکی پێکردووە بە بەشێک لە سەروەتی مەعنەوی خۆی دەزانێت و دەڵێت: "تا مردن ھەڵیان دەگرم ئەوانەم لە ساڵانی پەنجاکانەوە کڕیومانە و بەکارم ھێناون و ھەڵمگرتوون، وەک ئەو کاتەی کڕیومن، پاراستوومن، لەدووجار ئاوارەییدا ھەڵم گرتوون، چونکە خزمەتیان کردووم تا مردن ھەڵیان دەگرم".
وەستا زاھیر تا ئێستا سێ جار ھاوسەرگیری کردووە و خاوەنی سێ کوڕ و چوار کچە.