Salim Xemexan
22 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 28 حوزەیران 2017
هەڵەبجە - AA
وەستا زاھیر عەزیز حەمەعەلی کە لەدایکبووی ١٩٢٨ی گوندی گوڵپی ناوچەی ھەورامانە، ئەو بۆئاژانسی ئانادۆڵۆ دوا و دەربارەی تەمەنی راستەقینەی خۆی گوتی: "ھەرچەندە بیرمە کە ناونووسیان کردم بۆدەرھێنانی ناسنامە" بەڵام دانانی ساڵی لەدایکبوونی بەگونجاو دەزانێت و دەڵێت: "نزیک دەبمەوە لە ٩٠ ساڵ تەمەن".
ئەوان کە لەساڵی ١٩٤٧ لەگوندەکەیانەوە ھاتوونەتە شارۆچکەی خورماڵ، باوکی دوکانی سەرتاشینی داناوە و بژێوی خێزانەکەیانی دابین کردووە، دەربارەی چۆنیەتی فێربوونی پیشەی سەرتاشین وەستا زاھیر گوتی: "لەدوای کۆچی دوایی باوکم کە وەستای سەرتاشین بوو لەکۆتایی پەنجاکاندا، لەسەر قسەی کەسوکارم و خەڵکانی دەوروبەرم، جێگاکەی باوکم گرتەوە و دەستم بەکاری سەرتاشی کرد و ماوەیەکی زۆر سەری خەڵکیم سەقەت کرد، لەکاتی ریشتاشینیشیاندا دەموچاوی چەندین کەسم خوێناوی کردووە".
ئەو وەفادارە بەرامبەر ئەو ئامێرانەی لەدوکانەکەیدا بەکاری ھێناون و مەکینە دەستیەکان کە کاری سەرتاشینی خەڵکی پێکردووە بەبەشێک لەسەروەتی مەعنەوی خۆی دەزانێت و دەڵێت: "تامردن ھەڵیان دەگرم ئەوانەم لەساڵانی پەنجاکانەوە کریومانە و بەکارمھێناون و ھەڵمگرتوون، وەک ئەو کاتەی کریونم پاراستونم، لەدووجار ئاوارەییدا ھەڵم گرتوون، چونکە خزمەتیان کردووم تا مردن ھەڵیان دەگرم".
وەستا زاھیر ھەرچەندە تەمەنی زۆرە بەڵام وەک دەڵێت: "بەینم لەگەڵ گەنجان خۆشە بەڵام کەمتر دێنە لام بۆسەرتاشین زیاتر خەڵکە بەتەمەنەکە مشتەری منن ئەوان چاوەڕێی من دەکەن و لای کەسی دیکە سەریان ناتاشن، بەڵام گەنجەکان زۆر بەکەمی دێنە لای من بۆسەرتاشین و چاوەرێشم ناکەن".
زاھیر عەزیز کە تەندروستیەکی باشی ھەیە و ھێشتا زۆر بەگوڕە دەڵێت: "نزیکەی پەنجا ساڵە ھەموو رۆژێک بەبەرنامە وەرزش دەکەم، چەندین کیلۆمەتر بەپێ دەبڕم و زۆربەی جاریش لەگەڵ ھاوڕێکانم دەچینە سەر شاخ".
دەربارەی چۆنیەتی وەرزشکردنیشی دەڵێت: "بەھار و ھاوین بەیانیان وەرزش دەکەم و پاییز و زستانیش بەئێواران، ھیچ شەوێک نییە پێش نووستن ٢٠ خولەک کەمتر نەگەڕێم و وەرزش نەکەم، ئەوە نھێنی تەندروستیمە، ئەو خۆراکانە ناخۆم کە زیان بە تەندروستی دەگەیەنن و تەنھا سوود لەخواردنی خۆماڵی وەردەگرم".