Dlshad Saifaalddin Ahmed
02 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 03 ئەیلوول 2019
سلێمانی ـ AA
رۆژانە ژمارەیەکی زۆری خەڵک لە گەورە و بچووک، ژن و پیاو لە بەردەم گەڕاوەکەدا نۆرەیان گرتووە و دەچنە نێو گەڕاوەکەوە بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانیان (نەخۆشییەکانی پێست)، ھەموو ئەو کەسانەش پێشتر سوودیان لەو ئاوە وەرگرتووە بۆ چارەسەر یان لەسەر راسپاردەی کەسێکی تر ھاتوون کە پێشتر بۆ ھەمان مەبەست ھاتووە و سوودی وەرگرتووە.
لەنێو ناحیەی خورماڵ ئاوی گەڕاوی خورماڵ بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی پێست ھەیە، گەڕاوەکە ئاوێکی کانزایی سروشتی ھەیە کە بە ھۆی بوونی کانزاکانی گۆگرد، کبریت و فسفۆر تیایدا رەنگی ئاوەکە شینێکی کاڵە و بۆنێکی تایبەتی ھەیە کە لە بۆنی ھێلکەی کوڵاو دەچێت.
ئەم گەڕاوە مێژوویەکی کۆنی ھەیە و چەندین تایبەتمەندی لەخۆدەگرێت، لەوانە پلەی گەرمی بەرزترە لە ئاوی ئاسایی، ساڵانەش باران ببارێت یان نەبارێت ئاستی ئاوەکە وەک خۆیەتی و کەم و زیاد ناکات.
ماوەی چەندین ساڵە گەڕاوەکە بووەتە شوێنێک بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی پێست و خەڵکی لە ناوچەکانی تری ھەرێمی کوردستان و عێراق، تەنانەت وڵاتانی دەرەوەش سەردانی دەکەن بە ئامانجی چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی پێست، زۆربەی ئەوانەش سەردانیان کردووە باس لەوە دەکەن نەخۆشییەکەیان چارەسەر بووە.
لە ساڵی ٢٠١٤ەوە بەرپرسانی ئیداری ناوچەکە پڕۆژەی خزمەتگوزارییان لەسەر گەڕاوەکە دروستکردووە تاوەکو ژمارەیەکی زۆرتر لەو کەسانە لەخۆبگرێت کە رۆژانە سەردانی دەکەن.
سەرپەرشتیاری گەڕاوەکە، عەلی ئەحمەد لەو بارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "رۆژانە ژمارەیەکی زۆر خەڵک لە گەورە و بچووک سەردانی گەڕاوەکە دەکەن و لە کۆنەوە ئەم ئاوە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی پێست بەکارھاتووە و ئەو کەسانەی کێشەی هەستیاری و پێستیان ھەبووە وەک چارەسەر ئاوەکەیان بەکارھێناوە و خۆیان پێ شوشتووە".
ئەو گوتیشی: "ئەو کەسانەی سەردانی ئەم گەڕاوە دەکەن تەنھا دانیشتووانی ناوچەکە نین، بەڵکو لە شارەکانی تری ھەرێمی کوردستان و عێراق تەنانەت ئێران و تورکیاش کە بۆ گەشتوگوزار سەردانی ناوچەی ھەورامان دەکەن سەردانی ئەم گەڕاوەش دەکەن".

سەرچاوەی ئاوی گەڕاوەکە لە سێ کانییەوە ھەڵدەقوڵێت، ھەروەھا دوو ژووری تایبەت بۆ پیاوان و ئافرەتان کراوە و دەتوانن لەنێو حەورزەکاندا مەلە بکەن یان بە ئاوەکە خۆیان بشۆن بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانیان.
محەمەد کەریم کە لەگەڵ ئەندامانی تری خێزانەکەی لە سلێمانی-یەوە ھاتبوونە گەڕاوەکە باسی لەوە کرد کە پێشتریش سەردانی کردووە و سوودی لێوەرگرتووە، ھەروەھا لەگەڵ خۆیشی چەند دەبەیەک ئاو دەباتەوە تاوەکو لە ماڵەوە بەکاری بھێنێت و زیاتر سوودی لێوەرگرێت.
یەک لەو کەسانەی تر کە بۆ سەردانی گەڕاوەکە لەو جێگایە ئامادە بوو، ھیمداد محەمەد بوو کە لە کەرکووک-ەوە ھاتبوو، ئەو لەسەر راسپاردەی کەسانی تر و بەھیوای چارەسەرکردنی نەخۆشی پێست ئاوەکە بەکاردەهێنێت و لەگەڵ خۆشی چەند دەبەیەک لە ئاوەکە دەباتەوە کەرکووک.