Salim hemexan
25 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 26 مای,س 2016
سەرۆكی لیژنەی باڵای ئامادەكاری یەكەمین كۆڕبەندی هەڵەبجە بۆ منداڵە ونبووەكان، سەروەر عەبدولڕەحمان لە لێدوانێكدا بۆئاژانسی ئەنادۆڵۆ رایگەیاند: "25ی ئایاری هەموو ساڵێك رۆژی جیهانی منداڵانی ونبووە و ئێمەش هەم لە هەڵەبجە و هەم لە ئەنفال و هەم لە كۆڕەو و هەم لە شەنگال و چەندین شوێنی تریش منداڵمان ون بووە، كە ئەمە كێشەیەكی گەورەیە، تا ئێستا ژمارەیەكی كەمی ئەو منداڵانە دۆزراونەتەوە، ئەوانەشی دۆزراونەتەوە هەموویان نەگەڕێنراونەتەوە بۆیە پێویستە چیتر هەنگاوەكانمان تەنها قسە نەبن و بكرێنە كردار".
ئەو گوتیشی: "كۆڕبەندەكە بەبۆنەی رۆژی جیهانی منداڵە ونبووەكان رێكخراوە، دیداری هەڵەبجەیە بۆمنداڵە ونبووەكان رێكخراوەكان و زانكۆی هەڵەبجە بەهاوكاریی زانكۆی ئەمریكی لە سلێمانی سازیان كردووە، تیایدا كۆمەڵێك كەسی بیانی لە رێكخراوەکانی نێودەوڵەتی بانگهێشت كراون. لە ئێرانییەكان كە بەشێكی گرنگی دیدارەكە پەیوەندیی بەوانەوە هەیە دەتوانین بڵێین زۆرترین مناڵی هەڵەبجە لەو وڵاتە ونبووە، بەشێكی زۆری دام و دەزگاكانیان پەیوەندیدارن بەم دۆسیەوە وەكو دەزگای بێسەرپەرشتان و سەنتەری جیناتی ئەو وڵاتە بانگهێشت كراون".
لە سەرەتای دیدارەكەدا سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە لوقمان عەبدولقادر، چیرۆكی ونبوون و چۆنیەتی دۆزرانەوەی ژمارەیەك لە ونبووانی كیمیابارانی هەڵەبجەی خستەڕوو، پاشتریش لە لێدوانێكدا بۆئاژانسی ئانادۆڵۆ رایگەیاند: "لە ئێستادا 76 خێزان بۆ دۆزینەوەی 112 منداڵی ونبوویان لە كیمیابارانی هەڵەبجەدا ناوی خۆیان و منداڵەكانیان تۆمار كردووە و چاوەڕێی دۆزینەوە و گەڕاندنەوەی منداڵەكانیان دەكەن. ئێستاش 12 كەس كە خۆیان وەك ونبووی كیمیابارانی هەڵەبجە بە كۆمەڵەكەمان ناساندووە، لە چاوەڕوانی شیكاری دی ئێن ئەی خوێنیاندان بۆ دیاریكردنی چارەنووسیان، كە دوان لەو منداڵانە ماوەی هەفتەیەكە لە وڵاتی ئێرانەوە پەیوەندییان پێوە كردووین".
بەگوتەی سەرۆكی كۆمەڵەكە لوقمان عەبدولقادر "ئەو دوو ونبووەی كە تازە دۆزراونەتەوە یەكێكیان ئافرەتێكە كە شووی كردووە و لەسەر خواستی خۆی ناوی بڵاو ناكەینەوە بەڵام دووەمیان كوڕێكە و ناوی ئومێد حوسەینیە، كە یەكەمیان لە تاران دەژی و دووەمیشیان لەپارێزگای گوڵستانی ئێرانە".
سەرۆكی لیژنەی باڵای ئامادەكاری یەكەمین كۆڕبەندی هەڵەبجە بۆمنداڵە ونبووەكان، دەربارەی ئامانجی كۆڕبەندەكەش هەروەها گوتی: "ئامانجمان دۆزینەوەی رێگای بەدواداچون و دیاریكردنی میكانیزمەكان و دەرخستنی سەرەداوەكانی دۆزینەوەی ئەو ونبووانەیە، دوای ئەوەی كە دۆزرانەوە و گەڕێنرانەوە گرفتە یاساییەكانیان چین، چونكە ئەوانە لە رووی یاساییەوە مردوون، دەبێت زیندوو بكرێنەوە، قەیدیان بۆ بكرێتەوە، گرفتی میرات و گرفتی تریان بۆدروست دەبێت، دەمانەوێت باس لەم كێشانە و رێگە چارەكانیان بكەین".
ئەو زیاتریشی گوتی: "دیدارەكە خۆی لە چوار دیبەیتدا دەبینێتەوە، كە تیایدا 15 كەس قسەی لەسەر بابەتەكانی پەیوەست بەیاساکانی نێودەوڵەتی و كێشە كۆمەڵایەتی و یاساییەكانی پەیوەست بە ونبووانەوە تاوتوێ دەكەن، پاشتریش بەئەنجام و راسپاردەكانی، كۆتایی بەدیدارەكە دەهێنرێت و حكوومەتیش كە وەك لایەنی جێبەجێكار بانگهێشت كراوە، راسپاردەكانی پێ دەدرێت و ئێمەش وەك لیژنەی سەرپەرشتیار بەدواداچوون بۆ جێبەجێكردنی راسپاردەكان دەكەین".
لە یەكەم دیبەیتی كۆڕبەندەكەدا ژمارەیەك لە ونبووانی كیمیاباران كە بریتی بوو لە زمناكۆ و هاوناز و چیا، چیرۆكی خۆدۆزینەوە و گرفت و كێشە دەروونی و كۆمەڵایەتییەكانی منداڵانی ونبوویان خستەڕوو، ئەوان هەریەكەیان روانگەی خۆی بۆچۆنیەتی چارەسەركردنی كێشەی منداڵە ونبووەكان پێشكەش كرد.
زمناكۆ گوتی: "یەكێك لە كێشە سەرەكییەكانی ونبووانی كیمیابارانی هەڵەبجە ئەوەیە لە سەرەتاوە باوەڕیان پێ ناكرێت كە ونبووی هەڵەبجەن، كێشە گەورەكەش هەر ئەمەیە چونكە هیچ بەڵگەیەكی بەدەستەوە نییە كە ونبووی هەڵەبجە و تەنها پێیان گوتووە كە تۆ منداڵی هەڵەبجەیت و لە كیمیابارانی هەڵەبجەدا وەرگیراویت".
ئەو پێی وابوو كە پێویستە حكوومەت بەجددی لەسەر ئەم بابەتە كار بكات و بەگرنگییەوە لەم پرسە بڕوانێت.
لە16ی ئازاری ئەمساڵدا و لە 28ەمین ساڵیادی كیمیابارانی هەڵەبجەدا، دوای گرتنەبەری رێوشوێنی زانستی بۆ ئەنجامدانی پشكنینی دی ئێن ئەی بۆیان دوو ونبووی كیمیابارانی هەڵەبجە بەناوی ئەعزەم (چیا تەیب) و بەرزان (ئالان تۆفیق) چارەنووسیان ئاشكرا كرا و بە كەسوكاریان شادبوونەوە، پێشتریش مریەم (هاوناز) و پێش ئەویش عەلی (زمناكۆ) چارەنووسیان ئاشكرا كرا و كۆی ئەو ونبووانەی تا ئێستا بە كەسوكاریان شاد بوونەتەوە 8 ونبووی كیمیابارانن.