Cemal Sargati
07 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 08 ئادار 2017
جلوبەرگى کوردى جلێکى تایبەتى کوردەوارییە، بەزۆرى لە بۆنەوە ئاهەنگەکاندا ئافرەتان لەبەرى دەکەن، بەتایبەت لە وەرزى بەهار و جەژنى نەورۆز، لە ئێستاشدا کە چەند رۆژێکى ماوە بۆ چەژنى نەورۆز و دەستپێکی وەزرى بەهار ئافرەتان سەرقاڵى ئامادەکاریین بۆ ئەوەى وەزرى بەهار بەخۆشى و شادى بەرێبکەن.
کەریم حمەسەعید کە زیاتر لە 30ساڵە لە شارى سلێمانى کارى دورینی جلوبەرگ دەکات ئەو بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "من زیاتر لە 30 ساڵە کارى دورینى جلوبەرگى ئافرەتان دەکەم، ئێمە بەزۆرى لەکاتى نزیک بوونەوەى چەژنى نەورۆز و وەزرى بەهار زیاتر کارى دوورینى جلوبەرگى کوردى دەکەین، چونکە لەو کاتەدا هاووڵاتیان و بەتایبەت ئافرەتان خۆیان ئامادە دەکەن، حەز دەکەن جلوبەرگى کوردى بەو بۆنەیەوە لەبەر بکەن.
ئەو گوتیشى: "ئەگەرچى لە ئێستادا هەرێمى کوردستان بە قەیرانی داراییدا تێپەر دەبێت ئەوەش واى کردووە ئافرەتان بە کەمى جلوبەرگى کوردى بکڕن و خۆیان ئامادە بکەن بۆ ئەو بۆنەیە".
کەریم حمەسەعید گوتى: "ساڵانى رابردوو دووکانەکەم بەر نەدەکەوت ئەوەندە خەڵکى تێدابوو بۆ ئەوەى جلوبەرگى کوردیان بۆ بدوورم، بەڵام ئەمساڵ کەمتر خەڵکی بۆ دروورینی جلوبەرگ سەردانییان کردووین".
سروە کەریم ئافرەتێکی تەمەن 32 ساڵە لە دوکانى دوورینى جلوبەرگ بوو بۆئەوەى بەدوورینى جلوبەرگ خۆى ئامادە بکات بۆ چەژنى نەورۆز و وەزرى بەهار ئەو بەدەم پێکەنیەوە گوتى: "هاتووم بۆئەوەى جلوبەرگى کوردى بدوورم و خۆم ئامادە بکەم بۆ چەژنى نەورۆز و وەرزى بەهار، چونکە دەمانەوێت لەم وەرزەدا لەگەڵ ماڵەوەمان کات و ساتێکى خۆش بەسەر بەرین".
گوتیشى: "راستە ئێستا قەیرانى داراییە هەیە بەڵام ئەوە ماوەى دوو ساڵە جلى کوردیم نەکردووە بۆیە پێمخۆش بوو بۆ ئەمساڵ جلى کوردى بکەم".
سروە گوتیشی: "ماوەى چەند ساڵێکە لەبەر قەیرانى دارایى و پێنەدانى مووچە وەک پێویست ئافرەتان ناتوانن جلوبەرگى کوردى بکڕن، لەبەر ئەوەش ئافرەتان بەدڵکى زۆر خۆشەوە بەشدارى بۆنەکان ناکەن، ئەو هیواشى خواست کە گرفتى مووچە و قەیرانەکانى دیکە چارەسەر بکرێن بۆئەوەى چەژنى نەورۆز و وەرزى بەهار بەخۆشى و شادى بەرێبکرێت.