Fahrettin İbrahim
07 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 08 ئاب 2016
ئەمڕۆ لە مزگەوتی ئەحمەدی حاجی عەلی لە شاری سلێمانی، بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حەج و عومرەی كوردستان و كۆمپانیاكانی گواستنەوەی حاجیان و ئەو حاجییانەی ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای سلێمانی حەج دەكەن، كۆبوونەوەیەكی بەرفراوان ئەنجامدرا بۆ قسەكردن لەسەر ئامادەكارییەكان و كاتی گەشتەكان و رێنوێنی لەبارەی چۆنێتی ئەنجامدانی ئەركەكانی حەجكردنەوە.
بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان قاسم بەرزنجی لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دواو گوتی: "وەك وەزارەتی ئەوقاف و بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە گشت ئامادەكارییەكانمان كردووەو كۆتایی پێهاتووە بۆ بەڕێكردنی حاجیانی هەرێمی كوردستان پێشوازی كردنیان لە سعوودیە، هاوشێوەی ساڵانی رابردوو فەرمانبەرانمان لە سعوودیە لە بەڕێكردن و پێشوازی حاجیاندا دەبن".
بەرزنجی زیاتر گوتی: "ئامادەكارییەكان لە روی نیشتەجێكردن و گواستنەوەو خواردن و بەڕێكردنیان تەواو بووە و ئومێد دەكەین بەبێ گرفت ئەو پڕۆسەیە ئەنجام بدەین كە لە رۆژی شەممەی داهاتوو 13ی ئەم مانگەوە یەكەم كاروان لە هەولێرەوە بەرەو سعوودیە بەڕێدەكەون و راستەوخۆ دەچنە شاری مەدینە و دوای چوار رۆژ دەچنە شاری مەكە".
سەبارەت بە كاریگەری ناكۆكییە سیاسییەكانی نێوان وڵاتانی سعوودیە و ئێران و عێراق لەسەر هەرێمی كوردستان و پڕۆسەكە، بەرزنجی لەوەلامدا گوتی:" هیچ كێشە و گرفتێك نییە لەبەردەم ئەنجامدانی پڕۆسەكە، وەك كورد هیچ هەستمان بە كاریگەری ناكۆكییەكانی ئەو وڵاتانە لەسەر پڕۆسەی حەجی هەرێمی كوردستان نەكردووە و لە كاتی كۆبوونەوەی وەزارەتی ئەوقافی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی حەجی سعوودیە هیچ خاڵێكی سلبیان لەسەر حاجیانی هەرێم نەبووە".
لە بارەی كاریگەری قەیرانی دارایی هەرێمی كوردستان لەسەر هاووڵاتیان بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج، ئەو بەرپرسەی حەجی هەرێم گوتی: "ئەو قەیرانە كاریگەری زۆری هەبووە لەسەر هاووڵاتیان و جێگەی داخە كە هاووڵاتییەك دوای چەندین ساڵ لە ناوتۆماركردن بۆ حەج و دوای دەرچونی ناوەكەی ئێستا بەهۆی ئەو قەیرانەوە ناتوانێت ئەو گەشتە ئەنجام بدات كەئەگەر لەگەڵ هاوسەرەكەی پێكەوە گەشتەكە بكەن حەوت تا هەشت هەزار دۆلاریان پێویست دەبێت، بۆیە ئەوەش كاریگەری خۆی هەبووە و لە هەموو پارێزگاكان هەستمان پێكردووە و 50 تا 100 كەسمان هەیە كە بەو هۆیەوە گەشتەكانیان هەڵوەشاندۆتەوە".
پشكی ساڵانەی هەرێمی كوردستان بۆ ئەنجامدانی حەج سێ هەزار و 656 حاجییە بە تیمی بەرپرسانی پڕۆسەكە و پزیشكی و تیمەكانی ترەوە، گەشتەكان لە رۆژی شەممەی داهاتووەوە دەستپێدەكات و پرۆسەكە لەهەردوو فرۆكەخانەی هەولێر و سلێمانییەوە ئەنجام دەدرێت و ماوەی 12 رۆژ بەردەوام بێت.
ئەمساڵ هەر هاووڵاتییەك لەبەرامبەر ئەنجامدانی حەجدا بڕی سێ هەزار و 300 دۆلاری ئەمریكی رادەستی وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی كوردستان كردووە، ئەو بڕە پارەیەش بۆ دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان و بەردەوامی قەیرانی دارایی بڕە پارەیەكی زۆرە لەسەر هاووڵاتیان.