Zana Natık Kerem
28 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 29 حوزەیران 2017
ئەنقەرە ــ AA
كۆمپانیای چەنە سویوی توركی بۆ بەرهەمهێنانی ئاوی خواردنەوە، پێداگیری دەكات لەوەی کە بەرهەمەكانی بخاتە ناو بازاڕەكانی ئەمریكا، ئەورووپا و چین، ئەمەش دوای ئەوەی لە لایەن بازاڕەكانی توركیا و كەنداو گرنگی زۆری پێدراوە.
بە گوتەی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو، دامەزراوەكانی سەربە شارەوانی ناوچەی دەرینجە لە پارێزگای کۆجائەلی رۆژئاوای توركیا سەرپەرشتی كرداری پاككردنەوە و پڕكردنی ئاوی چەنە سویو دەكات.
لە میانی شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا، كۆمپانیای ناوبراو، ١٠ ملیۆن دەبەی ئاوی هەناردەی سعوودیە، ئیمارات و بەحرێن كردووە.
هەروەها كۆمپانیاكە، نموونەی لە ئاوی چەنە سویوی رەوانەی ٧١ دەوڵەت كردووە بە ئامانجی خستنەڕووی بەرهەمەكانی و هەروەها دەستكردن بە گفتوگۆ لەبارەی چۆنیەتی هەناردەكردنی.
لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو سەرۆكی شارەوانی ناوچەی دەرینجە، عەلی حەیدەر بۆلۆت گوتی: "مێژوویی كانیاوەكانی چەنە سویو دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی عوسمانی و ئاوەكەشی لە باشترین جۆرەكانی ئاوە كە لە توركیا هەیە".
عەلی حەیدەر بۆلۆت گوتیشی: "رێژەی کلۆریدی سۆدیۆم لە ئاوی چەنە سویو بە بەراورد لەگەڵ ئاوەكانی دیكە كەمە هەر ئەو كارەش وای كردووە ئاوی چەنە سویو لە بازاڕەكانی ناوخۆ و دەرەوەدا زۆر خواستی لەسەر بێت".
سەبارەت بە دامەزراوەكانی كۆمپانیای چەنە سویو كە لە شارەوانییەكەدا هەیە، عەلی حەیدەر بۆلۆت گوتی: "سەرەتا و بەر لە چەند ساڵێك بە ئامێرێكی بچووك دەستمان بە كرداری پاككردنەوە و پڕكردنی ئاو كرد و لەگەڵ تێپەڕبوونی کات، بە نوێترین ئامێری پێشكەوتوو پەرەمان بە كرداری پاكکردنەوە و پڕكردنی ئاو كرد كە ئێستا ئەو ئامێرە لە یەك كاتژمێردا توانای پڕکردنی ٤٥ هەزار دەبە ئاوی هەیە".
لە كۆتایی قسەكانیدا، عەلی حەیدەر بۆلۆت باسی لە قەیرانی ئێستای كەنداو كرد كە لە نێوان قەتەر و ژمارەیەك وڵاتی عەرەبی سەری هەڵداو و ئامادەیی خۆیانی دەربڕی لەوەی ئاوی چەنەسویو رەوانەی قەتەر بكەن بۆ ئەوەی ئەو وڵاتە پێداویستییەكانی لە بواری ئاوی خواردنەوە دابین بكات.