Mustafa Melih Ahıshalı,Muhammet Ali Kemal
01 تشرینی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 05 تشرینی یەکەم 2018
ئیستانبوڵ - AA
ژمارەی ئەو کەسانەی بە هۆی خواردنەوەی کحولیی ساختەوە لە پارێزگاکانی هورمزگان، کۆهگیلویە بویەر ئەحمەد، خۆراسانی باکوور، فارس و ئەلبورز گیانیان لەدەستداوە بۆ ٤٢ کەس بەرزبوویەوە و ژمارەی ئەو کەسانەی بە هەمان هۆکارەوە ژەهراویبوون و بۆ نەخۆشخانەکان گوازراونەتەوە بۆ ٤٦٠ کەس هەڵکشا.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، ئیرەج حەریرچی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە لە تارانی پایتەختی ئێران سازیکرد، ئاشکرایکرد لە رۆژی ٢٣ی ئەیلوولەوە تا ئەمڕۆ ٤٢ کەس لە پارێزگاکانی هورمزگان، کۆهگیلویە بویەر ئەحمەد، خۆراسانی باکوور، فارس و ئەلبورز بە هۆی خواردنەوە کحولییە ساختەکانەوە گیانیان لەدەستداوە و ٤٦٠ کەسی دیکەش ژەهراویبوون و بۆ نەخۆشخانەکان گوازراونەتەوە.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵیی ئیسنا، ئیرەج حەریرچی باسی لەوەشکردووە ١٧٠ کەس لە کۆی ئەو کەسانەی بۆ نەخۆشخانە گوازراونەتەوە شتنەوەی گورچیلەیان بۆ دەکرێت و تا ئێستاش ١٦ کەس بە هۆی خواردنەوەی کحولیی ساختەوە کوێر بوون.
هاوکات بەڕێوەبەری ئاسایشی خۆراسانی باکوور، عەلی رەزا مەزاهیری ئاشکرایکرد ٣١ گومانلێکراو کە مەزەندە دەکرێت پەیوەندییان بە رووداوەکەوە هەبووبێت، دەستبەسەرکراون.