Kerem Kocalar,Muhammet Ali Kemal
30 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 31 ئادار 2017
عەنتاب- حەلەب/ AA
شارۆچکەی ئەلباب کە لەلایەن سوپای سووریای ئازادەوە و بە پشتیوانیی سوپای تورکیا لە چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش پاککرایەوە، بووەتە ناونیشانی ئەو کەسانەی بەدوای ئارامیدا دەگەڕێن لە ناوچەکە.
ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات کە مانگی ئابی ساڵی رابردوو دەستی پێکرد، بووەتە جێگەی ئومێدی ئەو کەسانەی بیری ناوچەکانیان دەکەن. ئەو ئۆپەراسیۆنە بووە مایەی ئەوەی دانیشتوانی جەرابلوس چارەنووسیان بگۆڕێت و ئەوانەیان کە دەربەدەربوون بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان.
شارۆچکەی ئەلبابیش کە دوای جەرابلوس لە چەکدارانی داعش پاککرایەوە، بووەتە ''کەناری ئارامی'' بۆ ئەو هاووڵاتییە سوورییانەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
ئەو شارۆچکەیە کاتێک لە ژێر کۆنترۆڵی رێکخراوی تیرۆریستیی داعشدا بوو، ژمارەی دانیشتوانەکەی بۆ 15-20 هەزار کەس کەمیکردبوو، بەڵام لەگەڵ ئازادکردنیدا لە شارو شارۆچکەکانی دەورووبەرەوە، کۆچ بەرەو ئەلباب دەستی پێکرد. لە ئێستادا نزیکەی 80 هەزار کەسی تێدا دەژی و بە هاوکاریی سوپای سووریای ئازاد ئەو خانووانەی زیانیان بەرکەوتووە و رووخاون نۆژەندەکرێنەوە و ژێرخانی ئاو و هێڵەکانی تەزووی کارەبا چاک دەکرێنەوە.