سلێمانی
دو,ری لە كەسوكار و بێكاری و ژیانی ساردو سڕی ناو خێمە، ناونیشانی چیرۆكی ژیانی پڕ حەسرەتی ئاوارەییە.
هاتنی وەرزی سەرما و باران بارین خەمێكی تری خستە سەر خەمەكانی ئاوارەكان لە كەمپی عەربەت لە سلێمانی, ئەگەر پێشتر لەناو تەپوتۆز و خۆڵی ناو ڕێگاكانی كەمپەكە ژیانیان گوزەراندبێت، ئێستا خۆڵ بۆتە قوڕ و لیتە و ژیانیانی هێندەی تر ناڕەحەت كردوون.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەندین خێزانی كۆبانی گەیشتنە شاری سلێمانی و لە كەمپی باریكە لە ناحیەی عەربەت نیشتەجێكران. ئەو خێزانانە تەنها یەك ڕۆژیان لە هەوای ئارامدا بەسەر برد و باران ڕویتێكردن.
بەهۆی تازەیشیان لە كەمپەكە هێشتا وەك پێویست پێداویستییەكانی خۆپاراستن لە سەرمای وەرزی زستانیان نەگەیشتوهتێ و ئەوەی هەیانە خێمەیەكی ڕووتی سارد و سڕ كە ناچارن ژیانی تیا بگوزەرێنن.
ئاژانسی ئانادۆڵو لە نزیكەوە گوزەرانی ئاوارەكانی كۆبانی لە سلێمانی بەسەر كردەوە و لە دیمانەكاندا هەموان باسیان لە نەهامەتیەكانی ژیانیان دەكرد و دەیانگوت كه نە ئامێری گەرمكەرەوەیان هەیە و نە ڕاخەر و بەتانی بەپێی پێویست.
عەدنان حسین گەنجێكی تەمەن 29 ساڵ بوو لەسەر ڕێگای ناو كەمپەكە لەگەڵ چەند كەسێكی دیكه وەستابون، پێدەچو زانیاری بدەن بە یەكێك لەو ڕێكخراوانەی سەردانیان كردبوون.
عەدنان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دواو گوتی: "حاڵمان زۆر خراپە كۆرپەیەكم هەیە پێویستە ئاگامان لێبێت و سەرمای نەبێت، بەڵام هیچ پێداویستیەكی گەرم كەرەوەمان نییە تەنها چەند بەتانیەك نەبێت كە وەرمان گرتووە، بەڵام زۆر تەنكە و گەرممان ناكاتەوە و سۆپاشمان نییە و خۆراكیش كەمە."
عەدنان دەربارەی بارودۆخی ناو خێوهتهكان گوتی: "ئاو نایەتە ناو خێمەكانمان، بەڵام كاتێك بای بەهێزە ههڵدهكات و باران دەبارێت ترسمان هەیە باكە خێمەكە هەڵگێڕێتەوە و ماڵمان بشێوێت، بۆیە داواكارین شوێنی مانەوەمان باشتر بكەن."
زەكیە محمد ژنێكی تەمەن 40 ساڵی بوو ماوەی چەند ڕۆژێك بوو گەیشتبوە كەمپەكە و دهڵێت ئهو ئاوارەی شاری كۆبانێ یه.
زەكیە كاتێك بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دوا بەچاوێكی پڕ گریانەوە باسی ژیانی خۆیانی كرد و گوتی: "ژیانمان سهخته و بەتانیمان كەمە و ڕاخەرمان نییە لەناو خێمەكانماندا و سۆپا و هیچ شتێكی گەرمكەرەوەمان نییە و ناو خیمەكانیش زۆر ساردە."
كەمپی ئاوارەكانی عەربەت یەكێكە لە كەمپە گەورەكانی كوردستان و ژمارەیەكی زۆر ئاوارەی رۆژئاوای كوردستانی لەخۆ گرتووە و لەسەرەتای ڕوداوەكانی سوریاوە تا ئێستا چەند ئاوارە هاتبێتنە سنووری پارێزگای سلێمانی، لەم كەمپە نیشتەجێ كراون. لە كەمپەكە زیاتر لە 500 خوێندكار هەیە كە خوێندنگایان بۆ دابینكراوە و دەخوێنن، بەڵام هێشتا دیار نییە ئاوارە نوێكانی كۆبانێ چەند خوێندكاریان هەیە و تا ئێستاش نەخراونەتە بەر خوێندن.
ڕێگای قوتابخانەكەیان ڕێگایەكی قوڕاوی درێژبوو، بە درێژایی ڕێگاكە منداڵان ملی ڕێگایان گرتبوو هەندێكیان بەرە و ماڵەوە هەندێكیشیان بەرە و خوێندنگا دەچون، بەڵام هەموویان قوڕ و لیتەی ڕێگاكە ناڕەحەتی كردبوون بە جۆرێك منداڵت دەبینی چەند كیلۆیەك قوڕ بە پێلاوەكانیەوە بوو.
محهمهد باوكی یەكێك لهو خویندكارانه بوو و ئەویش ملی ئەو ڕێگا قوڕاوییهی گرتبوو تا منداڵەكەی لە خوێندنگا بهێنێتەوە. لەسەر ڕێگا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دواو گوتی: "حاڵمان زۆر خراپە و ئەمە گوزەران نییە، منداڵەكان كاتێك هاتوچۆی قوتابخانە دەكەن، ناچارن بەم ڕێگا قوڕاویەدا بڕۆن كە ڕێگایەكی زۆر سەختە و ناڕەحەتیان دەكات."
محهمهد داوای كرد یا ڕێگاكە چاكبكرێت و لە و قوڕە ڕزگاریان بكەن، یان پاس بۆ منداڵەكان دابین بكرێت و لەو نەهامەتیە ڕزگاریان بكەن.
جەنگ كارەساتێكی ئەوەندە گەورەیە كە هەندێك جار ئاسەوارەكانی كەدوای خۆی جێی دەهێڵێت زۆر كاریگەرتر و تراژیدی ترە لەوەی لە جەنگەكەدا ڕوو ئەدات. ئاوارەبوون یەكێكە لە ئەنجامە نەخوازراوەكانی جەنگ كە بەهۆیەوە هەزاران خێزان و كەس سەرگەردان و بێحاڵ دەبن و ژیانیان بەجۆرێكی لێدێت كە ناچار دەبن بە هەموو گوزەرانێك ڕازی بن ئەگەر خواستی خۆشیانی لەسەر نەبێت.