ئەنبار
دوای ئەوەی لە سێ میحوەرەوە چەكدارانی داعش هێرشیان کردە سەر ناحیەی عامرییە كە بە مەودای 23 كم دەكەوێتە باشووری شاری فەلوجەی سەر بە پارێزگای ئەنبار، شەڕ و پێكدادان لە نێوان هێزەکانی تەناهی و چەكدارانی داعش روو دەدات.
بەپێی ئەوەی فەرماندەیی هێزەكانی پۆلیسی ناحیەی عامرییە عارف جنانی پێی راگەیاندین "بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە چەكدارانی داعش لە سێ میحوەرەوە هێرشیان كردە سەر ئەو ناحیەیە بەڵام هێزەکانی تەناهی بەرپەرچی هێرشەكانیان دایەوە."
جنانی ئاماژەی بەوەشدا، لە میانی پەرچدانەوەكەدا، شەڕ و پێكدادان لە نێوان هێزەکانی تەناهی و چەكدارانی داعش رووی دا و پاشان لە ئاكامی شەڕەكە 20 چەكداری داعش كوژران.
بەپێی زانیارییەكانی فەرماندەیی هێزەكانیی پۆلیسی ناحیەی عامرییە، هۆزە چەكدارەكان پشتیوانی هێزەکانی تەناهییان دەكرد.
جنانی روونیشی كردەوە، هەر لە شەڕەكەدا هێزەکانی تەناهی توانیویانە دوو ئۆتۆمبێلی سەربازیی چەكدارەكانی داعش تێك بكشێنن كە چەكی قورسیان هەڵگرتبوو.
لە كۆتایی قسەكانیدا ناوبراو، داوای لە حكوومەتی ناوەندی و فەرماندە باڵاسەربازییەكان و فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان كرد كە هێرشە ئاسمانی و بۆردومانەكانیان بۆ سەر چەكدارانی داعش لەو ناوچەیە زیاتر چڕ بكەنەوە.