ئورفا
مه‌دینه قادری ئه‌و ژنه دوو گیانه‌ی به‌هۆی نائارامی و پێكدادانه‌كانی كۆبانێوه به سێ منداڵه‌وه ئاواره‌ی توركیا بوو، له كاتی گه‌یشتنی بۆ توركیا له ده‌روازه‌ی شارۆچكه‌ی سوروچهوه توشی ژانی منداڵبوون بوو، به‌و هۆیه‌وه بۆ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی گه‌ڕۆك له ناوچه‌كه گواسترایه‌وه و پاشان له‌لایه‌ن تیمی فریاگوزاری خێرای 112برا بۆ نه‌خۆشخانه‌ی منداڵبوونی ئورفا و منداڵێكی كوڕی هێنایه دونیاوه.
دواتر دایكه‌كه و هه‌رچوار منداڵه‌كه‌ی له ناوه‌ندی په‌نابه‌رانی كاتی نیشته‌جێكران كه له‌لایه‌ن ده‌زگای ئافاده‌وه دامه‌زرێنراوه.
به‌هۆی دووریی له وڵات، دایكه‌كه ناوی ئه‌و منداڵه‌ی كه له توركیا له دایكبوو كرده (وڵات).
له لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو قادری گوتی: "به‌هۆی په‌لاماری تیرۆریستانه‌وه هه‌رچی شتێكمان هه‌بوو جێمانهێشت و په‌نامان بۆ توركیا هێنا."
قادری باسی له‌وه كرد، كه نایه‌وێت منداڵه‌كانی بێ نیشتمان گه‌وره‌بكات و گوتی: "زۆر به ناڕه‌حه‌تی هاتینه سنوری توركیا. به‌هۆی ئه‌وه‌ی دووگیان بووم سه‌ختی زۆرم چه‌شت. له‌لایه‌ك نیگه‌رانی ئه‌وه‌بووم شتێك به‌سه‌ر منداڵه‌كانمدا بێت، له‌لایه‌كی دیكه‌وه ئازار ناڕه‌حه‌تی كردبووم. دوای ئه‌وه‌ی هاتینه توركیا ژانم زیادی كرد و له‌و نه‌خۆشخانه‌ی بۆی چووبووم منداڵه‌كه‌م بوو. به‌هۆی ئه‌وه‌ی زۆر بیری وڵاته‌كه‌م ده‌كه‌م، منداڵه‌كه‌م ناونا (وێڵات) كه به‌واتای وڵات دێت."
قادری باسیشی له‌وه كرد كه له سوریا ژیان و گوزه‌رانیان باش بووه و به‌ئاسووده‌یی له ماڵی خۆیاندا ژیاون، به‌ڵام ئێستا كه‌وتونه‌ته دۆخێكی خه‌راپه‌وه.