سلێمانی
فەرماندەی فەوجی دووی یەکەی ١٠٦ بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەو هێزەی پێشمەرگە لە ٥٠٠ ژنە پێشمەرگە پێکهاتووە و لە ساڵی ١٩٩٦ لەسەر بڕیاری سکرتێری گشتیی ی.ن.ک جەلال تاڵەبانی دامەزراوە، لەو کاتەوە تا ئەمرۆ لە چەندین بەرەی شەڕدا بەشدارییان کردووە."
ناهیدە ئەحمەد رەشید کە پلە سەربازییەکی عەمیدە باسی لەوەکرد کە هێزەکەیان لەسەر زۆربەی چەکە قورسەکانی وەک دۆشکە و هاوەن و قازیفە و چەکی سووکی وەک کلاشینکۆف، بیکەیسی و چەندین چەکی دیکە مەشقیان کردووە و لە بەرەکانی شەڕدا ئەو چەکانە بە سانایی بەکاردێنن.
فەرماندەی فەوجی دووی یەکەی ١٠٦ پێشمەرگەی کوردستان ئەوەشی راگەیاند کە لە شەڕدا خۆیان بە کەمتر نابینین لە بەرامبەر پیاو، "زۆر جار بەشداری شەڕمان کردووە و بریندار و شەهیدیشمان هەبووە، هەروەها زیانی زۆرمان بە دوژمن گەیاندووە."
ئاماژەی بەوەشکرد کە دوایین شەڕی کە تیایدا ئەو فەوجە بەشداری کردبێ، شەڕی گوندی بەشیری باشووری کەرکوک بووە، کە رووبەڕووی چەکدارانی داعش بوونەتەوە.
سەبارەت بە ژیانی خێزانیی ئەو ژنە پێشمەرگانە، ناهیدە رەشید گوتی: "زۆربەی ژنە پێشمەرگەکان دایکن و منداڵیان هەیە، بەڵام شانەبەشانی پیاو، چۆن پیاوەکان لە سەنگەردان و منداڵەکانیان جێهێشتووە، ژنانی پێشمەرگەش بە هەمان شێوە منداڵەکانیان جێهێشتووە و لە سەنگەردان، دوای تەواوبوونی ئەرکەکانیان دەگەڕێنەوە ناو خێزان و منداڵەکانیان."
بۆ رێژەی پێشمەرگەکانیش ئەو فەرماندە سەربازییە گوتی: "هەموو ئەو پێشمەرگە ژنانەی کە ژمارەیان ٥٠٠ کەس دەبێ، بە خۆبەخشانە و هاتوون و بوونەتە پێشمەرگە و ژمارەیەکی زۆری ژنانی دیکەش دەخوازن ببنە پێشمەرگە، بەڵام لە ئێستادا دامەزراندن وەستاوە."
لای خۆیەوە هێڤار نەوزاد، کە یەکێک بوو لە ژنانی پێشمەرگەی ئەو فەوجە، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەو کاتەی من بووم بە پێشمەرگە و پەیوەندیم بەو فەوجەوە کرد تەمەنم ١٥ ساڵ بوو، ئەوندە پەرۆش بووم تا بەرگری لە وڵات بکەم، خوێندنیشم تەواو نەکرد و زوو پەیوەندیم بە ریزەکانی پێشمەرگەوە کرد."
هێڤیار زیاتر گوتی: "شانازی زۆر دەکەم کە بوومەتە پێشمەرگە و ئەو پێشەیە متمانەی زۆری پێداوم و لە بەرەکانی شەڕدا خۆم بەکەمتر لە پیاو نابینم، تاقیکردنەوەم لەسەر زۆربەی چەکەکان کردووە و دەتوانم بە باشی رووبەڕووی دوژمن ببمەوە."
بۆ ئەگەری هاتنەپێشی گرفتی خێزانی، ئەو ژنە پێشمەرگەیە گوتی: "خێزاندارم و هاوسەرەکەم زۆر رێز لە پیشەکەم دەگرێ و سەربەرزە پێی، ئێستا بەهۆی ئەو بارودۆخەی کە هاتووەتە ئاراوە دەوام و ئەرکمان زیاتر بووە، کاتم بۆ بەرگریکردن لە کورستان تەرخان کردووە."
فەوجی دووی یەکەی ١٠٦ پێشمەرگە سەر بە هێزەکانی پێشمەرگەی یەکێتیی نیشتمانی کوردستانە و لە لایەن خانمی یەکەمی عێراق هیرۆ ئیراهیم ئەحمەدەوە چاودێری دەکرێ. بارەگای سەرەکی لە نزیک شاری سلێمانییە.
لە ساڵی ١٩٩٦ لەسەر بڕیاری سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دامەزراوە و ئەو یەکە سەربازییەی پێشمەرگە، لە رۆژی دامەزراندنییەوە تا ئەمڕۆ، دەیان کوژراو و برینداری لە مەیدانەکانی شەڕ هەبووە.