Ramal Mahmood
11 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 12 کانوونی یەکەم 2016
ئادیامان - AA
چیای نەمروود کە یەکێکە لە شوێنە گەشتیارییە هەرە دڵڕفێنەکانی جیهان، لەگەڵ شەپۆلی بەفرباریندا، تارای زیوینی بەفر پەیکەرەکانی ئەم چیایەشی داپۆشی کە تەمەنیان چەندین ساڵە و باڵایان لە ١٠٠ سانتیمەتر درێژترە.
ئەم چیایە کە لە سنووری قەزای کاهتەی سەربە پارێزگای ئادیامانە، گۆڕی پاشای کۆمماگەنە ئانتیئۆکسی لێیە. چیای نەمروود وەک بەرزترین مۆزەخانەی سەر واڵا، خراوەتە ناو لیستی میراتی جیهانی یونیسکۆ.
ئەو گەشتیارانەی دەیانەوێت چیای نەمروود لە کاتی پۆشینی تارای زیوین ببینن لە رۆژانی گونجاودا، دەبێت شەش کیلۆمەتر بەپێ رێگە ببڕن. گەشتیاران دوای هەورازبڕین و ماندووبوونێکی زۆر بە بینینی دیمەنە جوانەکانی چیای نەمروود پشوو دەدەن و وێنە لەگەڵ پەیکەرەکان دەگرن.
کارەکانی تەواوکردنی رێگای شا نەمروود بەردەوامە کە دەبێتە هۆی ئەوەی رێگەی نێوان شاری ئادیامان و چیای نەمروود ٣٢ کیلۆمەتر کەم ببێتەوە، بەمجۆرەش گەشتیاران ئاسانتر دەتوانن گەشتەکانیان ئەنجام بدەن.
هەموو ساڵێک بە بەردەوامی گەشتیارانی ناوخۆیی و دەرەوە سەردانی چیای نەمروود دەکەن، ئەمساڵ ٣٠ هەزار گەشتیار سەردانی چیای نەمردوویان کردووە.