Dlshad Saifaalddin Ahmed
11 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 14 کانوونی یەکەم 2016
سلێمانی - AA
ساڵانە و لەگەڵ ھاتنی مانگی رەبیعولئەوەلی هیجری کە مانگی لەدایکبوونی پێغەمبەر محەمەد (د.خ)، ھاوشێوەی شارەکانی تری ھەرێمی کوردستان و عێراق و جیھان لە شاری سلێمانیش موسوڵمانان یادی لەدایکبوونی پێغەمبەر دەکەنەوە و چەندین چالاکی جۆراو جۆر بەو بۆنەیەوە ساز دەکەن.
لەناو بازاڕەکاندا زۆربەی دووکان و کاسبکاران پۆستەری پیرۆزباییان بە دووکانەکانیان ھەڵواسیوە و شیرینی و نوقڵ بەو بۆنەیەوە دەبەخشنەوە، لە ماڵەکانیش بە ھەمان شێوە و سروودە ئایینیەکان دەڵێنەوە.
ئەمڕۆش لقی سلێمانی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی شارەکە، لە مزگەوتی ئەحمەدی حاجی عەلی ئاھەنگێکی تایبەتی بەو بۆنەیەوە ساز کرد کە ژمارەیەکی زۆری موسوڵمانانی شارەکە و بەرپرسانی حکوومی و حزبی بەڕێوەچوو.
لەو ئاھەنگەدا گوتاری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، یوسف محەمەد سادق و بەرپرسانی ئەوقاف و یەکێتی زانایان و چەندین سروودی ئایینی و پەخشان بەسەر پێغەمبەر پێشکەش کران.
لە گوتارەکاندا باس لە رۆژی لەدایکبونی پێغەمبەر و گۆڕانکارییەکانی دوای لەدایکبوونی و ھەوڵەکانی بۆ چەسپاندنی ئاشتی و پێکەوە ژیان و بڵاوکردنەوەی خێر و خۆشی بەسەر ھەموواندا کرا.
بە درێژایی ئەم مانگە، لە ھەرێمی کوردستان چالاکی و ئاھەنگەکانی تایبەت بە یادی لە دایکبوونی پێغەمبەر محەمەد ( د.خ) بەردەوام دەبێت .