Heman Hussein Yaseen
10 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 13 تشرینی یەکەم 2019
هەولێر - AA
جەژنی جەما بە واتای کۆبوونەوە دێت و لە شەشی مانگی تشرینی یەکەم دەستپێدەکات و ماوەی حەفت رۆژ دەخایەنێت، لەو ماوەیەدا چەند رێوڕەسمێکی تایبەت بەڕێوەدەچێت کە تیایدا پەیڕەوانی ئایینی ئێزدی لە سەرتاسەری جیھانەوە روو دەکەنە لالش و بەشداری لە رێوڕەسمەکەدا دەکەن.
رێوڕەسمەکانی جەژنی جەما لە ئایینی ئێزدی و باوەڕی ئیزدییەکاندا ھاوتای حەجە لە ئایینی ئیسلامدا و ھاوشیوەی ئاوی زەمزەم ئێزدییەکان ئاوی کەلۆک لە کانی سپی بە پیرۆز دەزانن.
جەژنی جەما، جەژنی هەرە گرنگی ئێزدییەکانە و جەژنەکە لە لالش بەڕێوەدەچێت و دەبێت بڕیارێکی پێشوەختە لە لایەن ئەنجوومەنی رووحانی هەبێت سەبارەت بە ئەنجامدانی جەژنەکە، چونکە کاتێک بارودۆخی ئێزدییەکان خراپ بێت، ئەم جەژنە بەڕێوەناچێت، لە کاتی پەلاماردانی داعش بۆ شنگال لە ساڵی ٢٠١٤دا، بڕیارێکدرا لە لایەن ئەنجوومەنی رووحانی ئێزدی کە ئەم جەژنە بەڕێوەناچێت و، ئەم بڕیارە ماوەی چوار ساڵ کاری پێکرا و، یەکەم جەژنیش دوای داعش لە ساڵی ٢٠١٨ دا ئەنجامدرا.
لەم جەژنەدا ئەوانەی دەبێت ئامادەبن، هەریەک لە کەسی یەکەمی ئێزدییەکان، میری ئێزدییەکانە بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری ئێزدییەکان، بابی پێش ئیمام کە بەرپرسی سولالەتێکە پێی دەڵێن ئادانییە، قەوال بەهزاد گەورەی قەوالە و هیچ رێورەسمێکی ئایینی بەبێ قەوال ئەنجام نادرێت و دەبێت قەوال ئامادەبێت و لەگەڵ میوزیک بەیتەکانی خۆی پێشکەش بکات، شێخی وەزیر بەرپرسی سولالەی شەمسانی و ئەرکی بەجێگەیاندنی فەرزی ئایینییە و بابەشێخ کە پێگەیەکی گرنگی هەیە و لەکاتی کۆبوونەوەکانی ژمارەیەک مامۆستایانی ئایینی کۆدەبنەوە و بابەشێخ بڕیارەکانی خۆی لە رێگای مامۆستایانی ئایینی ئێزدی ئەنجام دەدات.
جەژنی جەما ماوەی حەفت رۆژ دەخایەنێت و تیایدا سەرجەم ئێزدییەکانی بەشداربووی ئەم جەژنە، لە لالش خێوەت هەڵدەدەن و تا کۆتایی رێوڕەسمەکە لەوێ دەمێننەوە و سەرجەم ئەرکەکانیش بەپێی پەتی ئەنجام دەدەن و بەشێکیان جلوبەرگی تایبەتی خۆیان دەپۆشن.
رۆژی یەکەم هەریەک لە بابەشێخ، جڤاتی رووحانی ئێزدی، پێش ئیمام، گەورەی قەوالە و مامۆستایانی ئایینی لە لالش ئامادە دەبن و ئێوارەی هەمان رۆژ دەست بە رێوڕەسمی ئایینی دەکەن کە تیایدا هەندێک نزا دەکەن پێی دەڵین 'بەیتی ئێوارە' و پاشان مامۆستایانی ئایینی گۆڤەندێکی ئایینی دەکەن کە پێی دەڵێن سەما.
لە رۆژی دووەمی رێوڕەسمەکەدا، بەیتی سەما دووبارە دەکەنەوە و دواتر رێوڕەسمێک ئەنجام دەدەن کە پێی دەڵێن قنتار، ئەمەش مامۆستایانی ئایینی ئێزدی گەڕێکی ناو لالش دەکەن و تەوافی هەموو مەزارێکی ئایینی لە ناوەوەی لالش دەکەن.
رۆژی یەکەم و دووەم و سێیەم و چوارەم رێورەسمی ئاسایی بەڕێوەدەچێت و رۆژی پێنجەم کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بەڕێوەدەچێت پێی دەڵێن 'رۆژی پەری'، حەفت "پەری" بە رەنگی سپی لەناو لالش ئامادە دەکەن کە هەر پەرییەک ئاماژەیە بۆ فریشتەیەکی خوا و لە تێکستی ئایینی ئێزدییەکان باسکراوە.
رۆژی شەشەم، رێوڕەسمێکی ئایینی هەیە پێی دەڵێین 'قەباغ'، ئەو رۆژە پێشکەشکردنی گایەکە وەک قوربانی بۆ خوداوەندی رۆژ، بۆ ئەوەی گۆشتەکە ببێت بە زادێکی پیرۆز پێی دەڵێن سمات.
رۆژی حەفتەم پێی دەڵێن 'بەر بەرسوارکردن'، ئەو رۆژە تەختێکی دێنن و پێی دەڵێن تەختی پیرۆز، تەختەکە چواردەوری هەمووی ئەلقە ئەڵقەیە و لەیەکتر گرێدەدرێت و یەک شەو پێشتر ئەڵقەکان لەیەکتر گرێ دەدەن و بەیانییەکەی دەیکەنەوە و لە حەوشەی لالش دایدەنێن و پاشان لە ئاوێکی هەڵدەکێشن کە پێی دەڵێن 'کەلۆک' و، دوای ئەوە تەختەکە دەبەنە ژوورەوەی لالش و دایدەنێن و بەجێی دەهێڵن، ئەمەش بەو مانایەی کە رێوڕەسمی جەژنەکە ئەنجامدرا و تەواوی تەختەکانی ساڵانە لەوێ هەڵدەگیرێن.
دوێنێ چوارشەممە لە چوارەم رۆژی بەڕێوەچوونی جەژنی جەما، کۆنسولی تورکیا لە هەرێمی کوردستان، هاکان کاراچای سەردانی لالشی کرد و لە لایەن نوێنەری میری ئێزدییەکان و ئەنجوومەنی رووحانی ئێزدییەکان و پیاوانی ئایینی پێشوازی لێکرا و لە میانی سەردانەکەیدا، پیرۆزبایی لە ئێزدییەکان کرد و هیوای باشتربوونی بارودۆخی ئێزدییەکانی خواست.
لالش دەکەوێتە ناو دۆڵێک کە بە زنجیرە چیای بچووک دەورە دراوە لە سنووری پارێزگای دهۆک، ئەو شوێنە لەلایەن پەیڕەوکارانی ئایینی ئێزدییەوە بە شوێنێکی پیرۆز دادەندرێت و، ٦٠ کیلۆمەتر لە شاری مووسڵەوە دوورە.