Dlshad Saifaalddin Ahmed
11 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 13 تشرینی یەکەم 2019
سلێمانی ـ AA
ساڵانە لەگەڵ ھاتنی مانگی ئەیلوولدا، ھەورامییەکان دەست بە رنینی بەرھەمی گوێز دەکەن، تەقەی شەنی* شەنیەرەکان دەکەوێتە نێو باخە گوێزەکانی ھەورامان و شەنیەرەکان** کە پێویستە کەسێکی شارەزا و لێھاتوو بن بە دارگوێزە بڵندەکانی ناوچەکەدا ھەڵدەزنێن و بەشەنەکانیان بەرھەمی ساڵێکی دارگوێزەکان دەتەکێنن .
لەئێستادا کە گەرمەی وەرزی تەکاندنی دارگوێزەكانە لە ناوچەی ھەورامان، باخەوانەکانیش بەخاو خێزانەکانیانەوە دەست بەکۆکردنەوەی گوێزەکان دەکەن و شارۆی دارگوێزەکان دەکەن.
خەلیل عەبدولغەفور یەکێک لە باخەوانە بەتەمەنەکانی ناحیەی بیارەیە لە ناوچەی ھەورامان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دوا و جەختی کردەوە لەوەی کە ئەمساڵ بەراورد بەساڵی رابردوو بەرھەمێکی باشتریان ھەیە و بڕوای وایە یەکێک لە ساڵە پڕ بەرھەمەکانی گوێزە.
خەلیل عەبدولغەفور گوتی: "ناوچەی ھەورامان بە گوێز و توو بەناوبانگە، کاتی خۆی ژیانی دانیشتووانی ئەم ناوچەیە لەسەر ئەو دوو بەرھەمە بووە، گوێزی ئەم ناوچەیەش گوێزێکی بەناوبانگە و تامێکی خۆشتری ھەیە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئاو وھەوای ناوچەکە".
ئەو باسی لەوەش کرد: "دارگوێزێکی ئەم ناوچەیە ٢٠ تا ٢٥ ھەزار گوێز دەگرێت، لەسەرەمی کۆندا دوای تەکاندنی گوێزەکە بازرگانی پێوە کراوە بەرەو ئێران و بە وڵاخ بردراوەتە شاری کرماشان و لەوێ فرۆشراوە، ھەروەھا بەرەو خانەقین بردراوە".
ئەو پیاوە بەتەمەنەی ناوچەی ھەورامان ئاماژە بەوەش دەکات کە دارگوێزەکانی ناوچەکە چەند جۆرێکن، بەشێکیان جۆری دارەکەیان و گوێزەکەیان زۆر باشە، بەشێکی مام ناوەند و بەشێکیشی خراپن کە بە گوێزی کوێر و بچووک ناودەبرێت.
لەلای دانیشتووانی ناوچەکە گوێز بەرھەمێکی بەسوودە بەتایبەت بۆ بیری مرۆڤ، لە رووی مادیشەوە بەشێکی دانیشتووانی ناوچەکە داھاتیان لەسەر بەرھەمی دارگوێزەکانیانە و ساڵانە رەنج و ماندووبونێکی زۆر لەگەڵ باخ و دارگوێزەکانیان دەدەن تا بەرھەمێکی باشتریان ھەبێت.
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی ھەڵەبجە ١٢ ھەزار دۆنم باخی جۆراوجۆر ھەیە کە حەوت ھەزار دۆنمی باخی ھەنارە و ئەوەی دەمێنێتەوە باخی گوێز و قۆخ و ڕەز و ھەنجیر و بەرھەمی ترە، بەپێی ڕووپێوییەکیش، بۆ ژمارەی دارەگوێزەکانی ھەورامان نزیکەی ٨٠ ھەزار دارگوێزی تەمەن جیاواز لەھەورامان ھەیە.
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی ھەڵەبجە، ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی رابردوو بەرھەمێکی باشتری گوێز ھەیە و لە ناوچەی ھەورامان نزیکەی ١٠ ملیۆن دانە گوێز بەرھەم ھاتووە.
ھەورامان جوگرافیایەکی سروشتی دیاری کراوە و دەکەوێتە باکووری ڕۆژھەڵاتی ھەڵەبجە ، ناوچەیەکی شاخاویە و ڕووبەرێکی زۆری باخ و سەوزایی ھەیە کە بە لەسەدا ٤٠ی ڕووبەری گشتی ناوچەکە مەزەندە دەکرێت لەکۆی زیاتر لە ٧١ ھەزار دۆنم زەوی ھەورامان، کە دابەش بووە بەسەر دوو ناحیەی خورماڵ و بیارە و ٢٥ گوندی دەوروبەریاندا.
-----------------------------------------------------------------------
(*) شەنە: ئەو دارە باریكە درێژە چوار بۆ پێنج مەترەیە كە گوێزی پێ دەتەكێنرێت.
(**) شەنیەر: ئەو كەسەی دەچێتە سەر دارگوێزەكان و گوێز دەتەكێنێت.