Zana Natık Kerem
07 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 08 ئاب 2017
دیالە ــ AA
ئەفسەر لە پۆلیسی عێراق، نەقیب حەبیب شممەری رایگەیاند كە دوو هەزار ئاوارە گەڕاونەتەوە گوندەكانی سەر بە قەزای شارەبان (میقدادیە) باكووری رۆژهەڵاتی پارێزگای دیالە.
لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، حەبیب شممەری گوتی: "٤٥٠ خێزانی ئاوارە كە ژمارەی ئەندامەكانیان، دوو هەزار كەسە گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان لە گوندەكانی سەربە قەزای شارەبان (میقدادیە) باكووری رۆژهەڵاتی پارێزگای دیالە ".
حەبیب شممەری گوتشی: "گەڕانەوەی ئەو ئاوارانە لە چوارچێوەی ئەو پلانەدایە كە كارگێڕی خۆجێی پارێزگاکە بۆ كۆتاییهێنان بە دۆسیەی ئاوارەكان لە میانی ئەمساڵدا دایناوە".
ئەفسەرەكە ئاماژەی بەوەش دا كە هێشتا ٢٠ هەزار كەس كە لە سنووری باكووری رۆژهەڵاتی پارێزگای دیالە ئاوارەبوون نەگەڕاوەنەتەوە ناوچەكانیان.
ژمارەیەكی زۆری دانیشتوانی ناوچەكانی پارێزگای دیالە بە هۆی هێرشەكانی داعش بۆ سەر ناوچەكانیان لە میانی ساڵی ٢٠١٤ دا، ئاوارەی پارێزگاكانی كەركووك، بەغدا، كەربەلا و نەجەف بوون.
لە هاوینی ساڵی ٢٠١٤دا، داعش رووبەرێكی فراوانی لە ناوچەكانی پارێزگای دیالە كۆنتڕۆڵ كرد بەڵام دواتر هێزەكانی سوپای عێراق بە پشتیوانی فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش ئەو ناوچانەیان كۆنتڕۆڵكردەوە.