Dilşad Seyfeddin Ahmed
27 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 28 کانوونی یەکەم 2015
ژمارەیەكی ئاوارەكانی كەمپی باریكە ( 35 كلیۆمەتر باشووری رۆژهەڵاتی سلێمانی) بە پیر و گەنج و ژن و پیاو و منداڵەوە بە جلوبەرگی نوێ و ئاڵ و واڵاوە بەرەو گۆڕەپانێكی نێو كەمپەكە دەهاتن، تاوەكو بەشداری خۆشی و ئاهەنگی گواستنەوەی كچێكی گەنجی ئاوارەی كەمپەكە (بوك) بۆ كوڕێكی ئاوارەی تری كەمپەكە (زاوا) بكەن و شاییەكەیان خۆشتر بكەن.
محەمەد ( 20 ساڵان) و رۆژین (18 ساڵان) دوو گەنجی ئاوارەی كوردی سووریان كە ماوەی سێ ساڵە بە هۆی تێكچوونی دۆخی وڵاتەكەیان و كردەوەكانی حكوومەتی ئەو وڵاتەوە سووریایان بەرەو هەرێمی كوردستان بەجێهێشتووە و لە كەمپێكی تایبەت بە ئاوارەكان لە سنووری پارێزگای سلێمانی نیشتەجێن.
ئەو دوو گەنجە ئاوارەیە لە نێو چادرەكانی كەمپی باریكە و لە یەك گەڕەكدا ژیان دەكەن، بۆ پێكهێنانی ژیانێكی نوێ و بڕینی قۆناغێكی تری تەمەنیان بڕیاریان دا چاوەڕێی گەڕانەوە بۆ نیشتمان نەكەن و لە ئاوارەیی لە نێو كەمپدا هەواڵی پرۆسەی هاوسەرگیری و ژیانێكی نوێ بە گوێی هەموو ئاوارەكانی تریشدا بدەن و ئومێد و هیوا بە هەمووان بدەنەوە.
ئەو دوو گەنجە لە نێو كەمپەكەدا و بە بەشداری زۆرینەی ئاوارەكان ئاهەنگێكی گەورەیان ئەنجامدا و ئاوارەكانیشیان لە خۆشی و شادی خۆیان بێبەش نەكرد و بۆ چەند سەعاتێك هەمووان پێكەوە لە كەیف و شادیدا كاتیان بەسەر برد.
محەمەد محەمەد سدیق (زاوا) لە بارەی بڕیاردانی بۆ هاوسەرگیری لە نێو كەمپ و ئاوارەیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەمڕۆ رۆژێكی مێژوویی و خۆشە بۆ ئێمە كە بڕیاری پڕۆسەی هاوسەرگیرمان داوە و دەچینە نێو ژیانێكی نوێ، ئەمڕۆش بۆ هەموو كەسوكار و ئاوارەكان شایی و خۆشییە و بەو هۆیەشەوە بڕیارماندا ئەم ئاهەنگە بۆ هەمووان ساز بكەین".
زاوای تەمەن 20 ساڵان ئاماژەی كرد بەوەی پێچەوانەی هاوڕێكانی بڕیاری مانەوە و هەڵبژاردنی ژیانێكی نوێ و ئەنجامدانی پرۆسەی هاوسەرگیری داوە لەگەڵ رۆژین، لە بری ئەوەی بەرەو ئەورووپا و ژیانی ئاوارەیی دوور لە كەسوكاری كۆچ بكات. ئەو رەتی كردەوە بیر لە كۆچ كردن بكاتەوە و لەگەڵ هاوسەرەكەی ژیان لەنێو چادرەكاندا بەڕێ دەكەن و هەرێمی كوردستان بە وڵات و نیشتمانی دووەمی خۆی دەزانێت.
لە بەرامبەردا رۆژین (بوك) لە نێو دەنگی تەپڵ و مۆسیقا و سەمای بەشداربوواندا جگە لە خۆشحاڵی بە بۆنەی ئەو رۆژە و ئەنجامدانی پرۆسەی هاوسەرگیری لەگەڵ محەمەد هیچی تری بۆ گوتن نەبوو.
محەمەد سدیقی باوكی زاوا لە بارەی چۆنێتی داخوازی بوكەوە بۆ زاوای كوڕی دوا و گوتی:" كوڕەكەم لە بیری ئەنجامدانی هاوسەرگیری نەبوو، بەڵام من رۆژێك پێم گوت ماڵێكی دراوسێمان هەیە كە ماڵێكی جوانن و كچێكی جوانیان هەیە دەمانەوێت بۆت بخوازین ئەویش رەزامەندی نیشاندا. دواتر چوینە ماڵە دراوسێكەمان و داخوازی كچەكەی ئەوانمان بۆ كوڕەكەمان كرد و دوای پرسیار و تاوتوێكردنی داواكە رازی بوون و وەڵامیان داینەوە كە بچینە داخوازی كچەكەیان".
باوكی زاوا كە پێشتر لە شاری دیمەشقی پایتەختی سووریا نیشتەجێ بووە و بەهۆی شەڕو ئاڵۆزییەكانەوە لە ساڵی 2013 هاتووەتە سلێمانی، رۆژانە سەرقاڵی كاری كرێكارییە بۆ پەیدا كردنی بژێوی ژیانی خێزانەكەی.
ئەو لە بارەی زەحمەتی و سەختی پێكەوەنانی خێزان لە ئاوارەیی و ئەم دۆخەدا گوتی: "ئەنجامدانی پڕۆسەیەكی لەم شێوەیە لە ئاوارەیی و دۆخی قەیراناوی هەرێمی كوردستان و نەبوونی ئیش و كاردا تا رادەیەك زەحمەتە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش ناوەستین و من ئەمڕۆ بۆ ئەم زەماوەندە و پێشكەش كردنی دیارییەك بە بوكە تازەكەم بڕی دوو هەزار دۆلارم بە قەرز وەرگرتووە و بە بەرۆكی ئەوی دەكەم".
كەمپی باریكە نزیكەی هەزار و 800 ماڵباتی ئاوارەی كوردی سووریای تێدایە، بە گوێرەی ئامارێكی بەرپرسانی كەمپەكەش لە ساڵی 2003ەوە نزیكەی 200 پڕۆسەی هاوسەرگیری لەنێوان كوڕان و كچانی ئاوارەی نێو كەمپەكەدا ئەنجام دراوە.
پیاوێكی ئاوارەی بەشدار لە ئاهەنگەكە حسێن محەمەد بۆ ئانادۆڵو گوتی: "بەهۆی قەیرانەكان و نەبوونی ئیش و كارەوە دۆخی ئاوارەكان بەگشتی خراپە، تێچووی پرۆسەی هاوسەرگیری هەر گەنجێكیش نزیكەی پێنج هەزار دۆلاری پێویستە و كەم كەس هەیە خۆی بەتەنها بتوانێت تێچووەكەی تەواو بكات".
ئەو لەو بارەیەوە زیاتر گوتی: "لە كاتی هاوسەرگیری هەر گەنجێكی نێو كەمپەكەدا لەلایەن ئاوارەكانی تری كەمپەكەوە هاوكاری دارایی دەكرێت، هەركەس بە توانای خۆی هاوكاری ماڵی زاوا دەكات و بارقورسی ئاهەنگ و پڕۆسەكەی لەسەر كەم دەكاتەوە و بڕێكی لەئەستۆ دەگرێت".