Zana Natık Kerem
07 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 08 ئاب 2017
یەمەن ــ AA
نوێنەری رێكخراوی یونیسێف لە یەمەن، مێریچڵ ریلانیۆ رایگەیاند كە لێكۆڵینەوەیان لە كوژرانی ٢٠١ منداڵ كردووە كە سەرەتای ئەمساڵەوە لە یەمەن كوژراون.
لە تویتێكدا، میریچڵ ریلانیۆ ئاماژەی بەوە داوە كە لێكۆڵینەوەیان لە كوژرانی ٢٠١ منداڵ كردووە كە لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە یەمەن كوژراون كە ٤٩یان كچن.
چەند رۆژێك لەمەوبەر حووسییەكان، هاوپەیمانێتی عەرەبی-یان بەوە تۆمەتبار كرد كە ناوچەیەکی شاری سەعدە باكووری یەمەن-یان بۆردومان كردووە و بە هۆیەوە ١٢ مەدەنی كوژران كە لە نێویاندا منداڵ هەبوو.
نوێنەری رێكخراوی یونیسێف روونشیكردەوە كە بە هۆی ئەو هێرشەوە، شەش منداڵ كوژران كە چواریان كچ بوون و تەمەنیان لە نێوان ٢ بۆ ١٢ ساڵ بووە، بێ ئەوەی هیچ لایەنێك بە ئەنجامدانی هێرشەكە تۆمەتبار بكات.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا كە لە میانی ئەمساڵدا بە هۆی شەڕو پێكدادانەكانەوە لە یەمەن، ٣٤٧ منداڵ برینداربوون كە ١١٣یان كچن.
مێریچڵ ریلانیۆ راشیگەیاندووە كە لێكۆڵینەوەیان لە ٣٧٧ منداڵ كردووە كە لە میانی ئەمساڵدا بەچەكداركراون و لە شەڕەكاندا بەكارهێنراون.
لە ئاداری رابردوودا، رێكخراوی یونیسێف بڵاوی كردبوویەوە كە بە هۆی شەڕەكانی یەمەن، هەزارو ٥٤٦ منداڵ كوژراون و دوو هەزار و ٤٥٠ی دیكەش برینداربوون.